تورکیا دەڵێت لە ناوچەی گارە بەرپرسی پەروەردەی پەکەکەی کردووەتە ئامانج



رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی تورکیا دەڵێت، دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) لە ناوچەی گارە کەسێکیان کردووەتە ئامانج، بە ناوی ئەحمەد گومووش، کە بەرپرسی پەروەردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە.


ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4ـی ئایاری 2023) ئەو زانیارییانەی بە پشتبەستن بەو سەرچاوە ئەمنییانە بڵاوکردووەتەوە کە دەستیکەوتوون، بەبێ ئاماژە بە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بکات.

ئاژانسەکە دەڵێ ئەحمەد گومووش، ناوە نهێنییەکەی ''جودی ئەنگیزەکە" و لە یۆنان مەشق و راهێنانی پێکراوە.
 
هەروەها دەڵێ، گومووش ماوەیەک پاسەوانی موراد قەرەیڵان بووە و یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە و پلاندانەر و جێبەجێکاری ژمارەیەکی زۆر هێرش بووە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا و بەشداری لە ژمارەیەک پەلاماردا کردووە کە کراونەتە سەر بنکەکانی پۆلیس لە تورکیا، هەروەها بەرپرسی پەروەردەی پەکەکە/کەجەکە بووە لە سووریا کە مەشق و راهێنان بە ئەندامانی رێکخراوەکەی تێدا دەکرێت.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، گومووش دوای ئەوەی لەلایەن میتەوە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی گارەی سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.