رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە مانگێکە نەوت هەناردە نەکراوە، بۆیە ئەرکی بەغدایە کە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. سوودانیش لە وەڵامی ئەو قسانەدا گوتی، "نەوت هەناردە بکرێت یان نا مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دەنێرین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-05-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری عێراق لە بەغدا بەشداری لە پانێڵی "هەرێمی کوردستان لایەنێکی کارا لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا" کرد. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: پێویستە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەمە ئەرکی بەغدایە و پێویستە جێبەجێی بکات، ئەم کێشەیە هەر رۆژێک زووتر چارەسەر بکرێت، بارگرانیی کەمتر دەبێت لەسەر بەغدا.
هەر لە دیداری عێراق و دوای پانێڵەکەی نێچیرڤان بارزانی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش قسەی کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران ئەرکی حکومەتی ناوەندییە، جا ئەگەر نەوت هەناردە بکرێت یاخود نا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەن و بەرپرسن لێی.
هەرچەندە ئێستا بودجەی 2023ـی عێراق لە پەرلەمانە، بەڵام بەغدا بڕیاریداوە 400 ملیار دینار وەکو قەرز بداتە هەولێر بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو 400 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکشەممەی رابردوو، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، " بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، پارەی پێویستمان لەبەردەستدا نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ