رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە، لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لەو تەوەرانەی باسیان کردووە. لەبارەی راگەیاندنی لیستی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی "جارێ وەڵامی ئەوە نادەمەوە، من یەکێتیم و هەوڵی یەکڕیزیی کورد دەدەم".
کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023 لاهوور شێخ جەنگی بە یاوەری لیوا چەتۆ ساڵح، ژینۆ محەممەد و شادومان مەلا حەسەن سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەلایەن سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی و محەممەد هاودیانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی پێشوازیان لێکرا و کۆبوونەوە.
لاهوور شێخ جەنگی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "بەمەبەستی سیاسی سەردانی یەکگرتوومان کردووە و سەردانی کۆمەڵیش دەکەین، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لەو تەوەرانەی باسمان کردووە، هاوکات یەکلیستیی کورد لە کەرکووک، کە ئێمە هەوڵدەدەین کورد بە یەک لیست دابەزێت".
لەبارەی راگەیاندنی لیستێکی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لاهوور شێخ جەنگی لە وەڵامی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "وەڵامی ئەوە نادەمەوە جارێ. من، یەکێتیم و هەوڵی یەکڕیزیی کورد لە کەرکووک دەدەم و هەوڵدەدەین هەڵبژاردنی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە زۆر زۆر دواکەوتووە و لە قازانجی کورددا نییە".
هەر ئەمڕۆ شادومان مەلا حەسەن، ئەندامی شاندەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەبارەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن دەبێت".
ئەمە دووەم سەردانی لاهوور شێخ جەنگییە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، دوای ئەوەی لە رێگەی راگەیاندنەکانییەوە خۆی وەکو "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند.
رۆژی یەکشەممە 19-03-2023 لاهور شێخ جەنگی، پەروین کاکەحەمە، ژینۆ محەممەد، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، جەمال حاجی محەممەد، سەفین مەلا قەرە و بەختیار ئەولی پێشوازییان لێکرا.
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوون، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا، کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە.
دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.
رۆژی 22-2-2023 لاهوور شێخ جەنگی، خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "دوای ساڵ و نیوێک لە پشوودرێژی، سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ