بۆ رۆژانی جەژن زیاتر لە 667 تۆن گۆشت رەوانەی بازاڕەکانی سلێمانی کراون


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ رۆژانی پێش جەژنی رەمەزان، زیاتر لە 677 تۆن گۆشتی سوور رەوانەی بازاڕەكانی سلێمانی كراون، زیاتر لە یەك تۆن و 500 كیلۆ گۆشتیش لەنێوبراون.
 
دکتۆر شاڵاو عارف، لێپرسراوی ستافی پزیشکی کوشتارگەی قەرەگۆل لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئامارەکانی کوشتارگەی سلێمانی، لە چەند رۆژی پێش هاتنی جەژنی رەمەزان، 667 تۆن و 400 كیلۆ گۆشتی تەندروست رەوانەی بازاڕەكانی سلێمانی و دەوروبەری كراوە. گوتیشی، ئەو گۆشتەی خراوەتە بازاڕەوە لەڕووی تەندروستییەوە بۆ خواردن و بەکارهێنان شیاوبووە و لە پشكنینەكان دەرچوون.
 
لێپرسراوی ستافی پزیشکی کوشتارگەی قەرەگۆل لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن، تۆنێک و 500 کیلۆ گۆشت پێش ناردنی بۆ بازاڕەکانی سلێمانی لەنێوبراوە.
 
پێشتر، د. بورهان عومەر، لێپرسراوی هۆبەی كوشتارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی بە رووداوی گوت، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژن، خواست لەسەر کڕینی گۆشت بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە و گۆشتی زیاتر رەوانەی بازاڕەکان دەکەن، بە جۆرێک دوو بۆ سێ رۆژ پێش جەژن، رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و 200 بۆ 250 سەر ئاژەڵی گەورە سەردەبڕدرێن.
 
لێپرسراوی هۆبەی كوشتارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دەدات کە "ئێستا هیچ نەخۆشییەکی مەترسیدار و گوێزراوە لەنێو ئاژەڵاندا نییە، هەر گۆشتێک شیاوی خواردن نەبێت بە رێگەی زانستی لەنێوبراوە."