د. عەلی تەتەر: نزیکەی 1700 خێزان لە شنگالەوە گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆک


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، هیوادارن گرووپە چەکدارەکان رێز لە ئیرادە و داخوازی خەڵکی شنگال بگرن و ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 700 خێزان لە شنگالەوە گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆک."
 
ئەمشەو 04-05-2022، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەکانی شنگال، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک چووە سحێلا و دواتر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە لە دەڤەری شنگال روویانداوە، نزیکەی هەزار و 700 خێزان گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆک کە ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار کەسە."
 
بەگوتەی پارێزگاری دهۆک، زۆرینەی ئاوارەکان لە لای کەسوکارەکانیانن لەنێو کەمپەکان و هەندێکیشیان چوونەتە لای کەسە نزیکەکانیان لە گوند و کۆمەڵگەکانی سنوورەکە.
 
رۆژی یەکشەممە 1ـی ئایار لە سنووری شنگال شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال و سوپای عێراقی دروستبوو، شەڕی نێوان یەبەشە و سوپای عێراق دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە هات کە سوپای عێراق بۆ دەرچوونی هێزەکانی نزیکی پەکەکە لە شنگال داینابوو.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری دهۆک، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری خوشک و برا شنگالییەکان بکەن.
 
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان دەکات و دەڵێت، "لەم رۆژانەی جەژندا ئەوان لە خزمەتی ئاوارەکانی شنگالدا بوون."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، پارێزگاری دهۆک داوا لە گرووپە چەکدارەکان دەکات کە رێز لە ئیرادە و داخوازی خەڵکی شنگال بگرن و ناوچەکانیان چۆڵبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.