رووداو دیجیتاڵ
دەریاچەی زرێبار لە مەریوان کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رۆژانی جەژندا خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن.
شوان سابیر محەممەد، گەشتیارە و لە پێنجوێنەوە چووەتە زرێبار و دەڵێت، "زرێبار لەتێکی بچووکە لە بەهەشت و خۆشبەختانە کەوتووەتە کوردستانی گەورەوە و کوردستانی رۆژهەڵاتەوە، بەداخەوە ئەو جوانییەی کە هەیەتی سرووشتییە، ئەوە لە هەر وڵاتێکی دیکە بووایە وایان لێدەکرد کە خەڵکێکی زۆر روویان تێکردبا."
ئەمساڵ هەم لە رۆژانی پشووی نەورۆز و هەمیش لەم رۆژانەدا کە بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە چەند رۆژ لە ئێران پشوو راگەیێندراوە، گەشتیارێکی زۆر گەیشتوونەتە ناوچەکە. ئەوانەی چەند ساڵە کاروپیشەیان لە دەوری زرێبارە دەڵێن، هیچ خزمەتگوزاریێکی گونجاو لەو شوێنە گەشتیارییە نییە کە شیاوی ناوی زرێبار بێت.
ساحێب رەشیدی، هاونیشتمانیی مەریوان گوتی، "خزمەتگوزارییەکان لێرە وەکو پێویست نین، رێگەوبانەکان خراپن، ئێمە لەبەر خۆمان واناڵێین، بەڵکو خەمی ئەو گەشتیارانەمانە کە سەردانی ئێرە دەکەن، ئەوان لە دوورە دێنە ئێرە و بۆ خۆشگوزەرانی دێن."
یەکێک لەو گوندانەی کە لە دەوری دەریاچەکەیە بە بۆنەی پاراستنی ژینگەی لەقلەقەکان و رەوشتی جوانی خەڵکەکەی ناوبانگی هەیە، گوندی دەرەتفێیە. ئەوانەی لە هەموو ناوچەکانی ئێرانەوە دێنە مەریوان، خۆیان دەشگەیێننە دەرەتفێ کە لەو سرووشتە دڵڕفێنە بێبەش نەبن. هەرچەندە لێرەش ئاستی نزمی خزمەتگوزاری گەشتیارانی نیگەرانکردووە.
مەعسوومە ئاقامەلایی، گەشتیارە و لە هەمەدانەوە چووەتە ناوچەکە، ئەو ئاماژەی بەوە کرد، "جاری سێیەم یان چوارەمە کە دێمە مەریوان، زۆر زۆر زۆر شارێکی خۆشە بە کەشوهەوایەکی دڵڕفێنەوە. خەڵکێکی زۆر باشی هەیە. بەڕاستی چێژم برد لەوەی کە هاتوومە ئێرە و سرووشتە جوانەکەیم بینی. ئەم گوندی دەرەتفێیە زۆر سەرنجڕاکێشە، لەقلەقەکانیم بینی. زۆر جێگایەکی خۆشە و دیسانیش دێمەوە".
دانیشتووانی دەرەتفێ سەردانی ئەو گەشتیارانە بە هەلێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی ئابووری ناوچەکە و گوندەکەیان دەزانن و دەڵێن، ئەگەر حکومەت لەڕووی خزمەتگوزاریی پێویستەوە، کەمتەرخەم نەبێت، ئەوەندەی دیکە ناوچەکەیان لەڕووی گەشتیارییەوە گەشە دەکات.
فاتح فەلاحی، دانیشتووی گوندی دەرەتفێ باس لەوە دەکات، "دۆخی رێگەوبانەکانمان بۆ وەها گەشتیاران كێشەی هەیە و وەکو پێویست نیین، شوێنێکی وەها نییە کە گەشتیاران پشووی تێدا بدەن."
ئیبراهیم ناموەر، دانیشتووی دیکەی گوندی دەرەتفێیە و گوتی، "ئێمە تەنیا کێشەی رێگەوبانمان هەیە، ئەگەر ئەوە چارەسەر بکەن و وابکرێت خەڵکێکی زیاتر روو لێرە بکەن، سوپاسیان دەکەین."
شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی گەشتیاریی ئێران ناسراوە و لەڕووی کولتوور و هەڵسوکەوتی دانیشتووانەکەیەوە، بەردەوام جێی سەرنجی گەشتیاران بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ