گوندێک لە ئاکرێ 150 ماڵە و رۆژانە 150 تەن خەیار بەرهەمدەهێنێت

 
رووداو - دهۆک

گوندی سبیمال لە قەزای ئاکرێ لە 150 ماڵ پێکهاتووە بە چاندنی خەیار بەناوبانگە، 900 خانووی پلاستیکیی تێدایە و رۆژانە 150 تەن خەیار بەرهەمدەهێنێت.
 
ئەینی کەریم لە ساڵی 2008 یەکەم خانووی پلاستیکیی لە گوندەکە داناوە و ئێستا 10 خانووی پلاستیکیی هەیە، رۆژانە یەک تەن و نیو خەیار بەرهەمدەهێنێت، دڵتەنگە بە نزمبوونەوەی نرخ و داخرانی رێگەی پارێزگای هەولێر.
 
گوندی سبیمال دەکەوێتە دەڤەری سورچیان لە ئاکرێ، ژمارەی خانووە پلاستیکییەکان لە گوندەکە شەش هێندەی ژمارەی ماڵەکانیەتی و لە 95٪ی بەرهەمەکانی ئەو خانووە پلاستیکیانە خەیارە.
 
ئەحمەد محەممەد ئەمین، جووتیار دەڵێ، خەیاری گوندەکە بۆ هەموو پارێزگای دهۆک دەچێت و لە پێداویستیی ناوخۆی پارێزگاکە زیادە، ئەگەر نەبرێتە هەولێر ئەوا جووتیارەکان زەرەرمەند دەبن.
 
جووتیارێکی دیکە باس لەوە دەکات، ئێستا نرخی کیلۆیەک خەیار 350 دینارە، ئەگەر نرخی کیلۆیەک بێتە خوار 300 دینارەوە ئەوان زەرەر دەکەن، داواش دەکات کە حکومەت رێگە لە هاوردەکردنی خەیار بگرێت.
 
ساڵانە لە ئاکرێ زیاتر لە 35 هەزار تەن خەیار بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا، جووتیاران ناتوانن بەرهەمەکەیان بگەیەننە هەولێر.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێ "چوونی جووتیاران بۆ هەولێر کەمێک زەحمەتە، ئەوەی بچێت دەبێت هەموو رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکات، تەنیا رێگە بە بارهەڵگرە گەورەکان دەدرێت بچنە نێو هەولێرەوە".
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 130 هەزار تەن خەیارە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، 100 هەزار تەن لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت و 30 هەزار تەنیش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت؛ هاوردەکردنی خەیار تەنیا لە وەرزی زستاندایە و لە وەرزەکانی دیکەدا بەرهەمی ناوخۆ زیادە و حکومەت هەوڵی هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەدات.
 
کەمال محەممەد، بەڕێوەبەری خانووە پلاستیکییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند "بۆ ئەمساڵ پلانمان هەبوو کە بەرهەمی زیادەی خەیار لەڕێگەی وەبەرهێنەرانەوە رەوانەی دەرەوە بکەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە بڕوانامەی تەندروستی هەیە لە حکومەتی عێراق و هەوڵی ئەوەمان داوە کە ئەو بڕوانامەیە وەربگرین".
 
لە هەرێمی کوردستان 23 هەزار و 500 خانووی پلاستیکی هەن، زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانییە کە 16 هەزار و 780 خانووی پلاستیکییە، لە هەولێر دوو هەزار و 900، لە دهۆک دوو هەزار و 644، لە گەرمیان 789 و لە هەڵەبجە 387 خانووی پلاستیکی هەن.