گەنجێک لە سۆران خۆی دەخنكێنێ

04-05-2013
حەمید سەعید عەبدوللا
نیشانەکردن خۆکوشتن خۆخنکاندن
A+ A-
رووداو - سۆران

عەزیز، بەر لەوەی بەڵایەك بەسەرخۆی بهێنێ، كەسوكاری ئاگاداركردەوە، بەڵام ئەوان فریای نەكەوتن و خۆی خنكاند، باوكی دەڵێت كوڕەكەی نەخۆشی دەروونی هەبووە.

عەزیز عەلی ئەحمەد، 19 ساڵ، دانیشتووی قەزای سۆران، ئێوارەی 22/4/2013 لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە، كاژێر 1ی شەو بە كەسوكار و برادەرانی دەڵێ خۆی دەكوژێ، بەڵام كاتێك دەگەنە لای دەبینن لە گردی باپشتیان لە پشت ناوچەی پیشەسازی سۆران، خۆی بەدارێكەوە هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە.

محەممەد عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بە (رووداو)ی گوت تەرمی ئەو كوڕەیان لە دارێك كردووەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەرییان كردووە لە هەولێر. هەروەها گوتی تائێستا نازانین ئەو گەنجە بۆچی خۆی خنكاندووە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

خێزانی عەزیز، یەكێك بوون لەو سەتان خێزانەی لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بوونە پەناهەندەی ئێران و لەساڵی 2006 گەڕانەوە هەرێمی كوردستان و لە شارۆچكەی سۆران لە خانوویەكی كرێدا دەژین.

ئەو ماڵە جگە لە عەزیز، سێ كوڕی دیكەشیان هەیە، كە عەزیز كوڕی بچووكیان بووە. عەلی ئەحمەد باوكی عەزیز، زۆر پەسنی كوڕەكەی داو گوتی "هەتا بڵێی كوڕێكی بەڕێز بوو، هەمیشە لەگەڵ كەسانی لە خۆی گەورەتر مامەڵەی دەكرد، یەكێك لە برادەرەكانی مامۆستای زانكۆ بوو".

عەزیز لە خوێندن دواكەوتبوو، پۆلی 9 ی بنەڕەتی بوو، باوكیشی هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەوان لە ئاوارەیی بوون و عەزیز ماوەیەك لە خوێندن دابڕاوە.

پێشتریش هەوڵی خۆكوشتنی داوە

باوكی عەزیز رەتیكردەوە كوڕەكەی كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ، هەر بۆیەش داوای یاساییان لەسەر كەس تۆمار نەكردووە. باوكی عەزیز گوتی كێشەی كوڕەكەی ئەوە بووە، كە نەخۆشی دەروونی هەبووە.

عەلی ئەحمەد گوتیشی "پێشتریش هەوڵی خۆكوشتنی دابوو، چەند دەنكە حەبێكی خواردبوو، بەڵام رشابووەوە و كاری لێنەكردبوو". گوتیشی چەند جارێك بردوویانەتە لای پزیشكی دەروونی و رۆژانە دەرمانی دەخوارد "بەڵام بەمدواییە لە دەرمانەكانی تۆرابوو، زۆر هەوڵمان دەدا دەرمانەكانی بخوات، بەڵام دەیگوت ئێستا زۆرباشم". 

مامۆستاكانی قوتابخانەی بنەڕەتی، كە عەزیز لێی دەخوێند زۆر نیگەران بوونە كاتێك هەواڵی خۆخنكاندنی عەزیزیان بیستووە. فریاد محەممەد ئەمین توێژەری كۆمەڵایەتی قوتابخانەكە بە(رووداو)ی گوت "دوای ئەوەی هەستمان كرد عەزیز نەخۆشی دەروونی هەیە، لەگەڵی دانیشتم و هەندێ ئامۆژگاریم كرد، بەردەوام هەوڵمداوە بە تەنیا نەبێ، چونكە ئەم نەخۆشانە پێویستیان بە قەرەباڵغی دەوروبەر هەیە".

ئەو توێژەرە، كە لە هۆكاری تێكچوونی دەروونی ئەو گەنجەی كۆڵیوەتەوە دەڵێت "پێدەچوو عەزیز كاریگەری خوێندنەوەی پەرتوكێكی لەسەربێت، بەڵام حاڵەتەكەی بەوشێوەیە نەبوو، كە بڵێم پەنا دەباتە بەر خۆكوشتن، هیچ كاتێكیش لە قوتابخانە كارێكی تووندتیژیمان لێ نەبینی، لە كاتێكدا پێشتر یاریزانی تایكواندۆ بووە".

فەرەیدوون حوسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەشی بە (رووداو)ی گوت "چەند جارێك باوكی مۆڵەتی بۆ وەرگرتووە بەمەبەستی چارەسەركردنی تەندروستی لای پزیشكی دەروونی، تا ئەوكاتەی رێژەی یاسایی مۆڵەتی تەواو بوو، لە رووی رەوشتەوە ئێمە و گشت مامۆستایان هیچ رەخنەمان لێی نەبوو، نمرەكانی كۆرسی یەكەمیشی باشبوو".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 3 قوتابی لە سنووری قەزای سۆران بە هۆكاری جیاجیا خۆیان كوشتووە، كە دوو لەوانە بە پەت خۆیان خنكاندووە.

فریاد محەممەد، باس لەوە دەكات، كە ئێستا نەخۆشی دەروونی لە نێو قوتابیان روو لە زیادبوونە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە "قوتابیان بێ ئومێد بوونە بەرامبەر بەو سیستەمەی ئێستا هەیە لە خوێندن، قوتابی هەیە دەزانێ داهاتوویەكی روونی نییە، زۆرجاریش لە ماڵەوە فشارێكی زۆری لەسەر دەكرێ یان دەترسێندرێ، لەلایەكی دیكەوە فەزایەكی بێ كۆنترۆڵ لە تەكنۆلۆژیا بە چاك و خراپ رووی لە كۆمەڵگەی ئێمە كردووە و تێكەڵی كولتوورمان بووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە