سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی رۆڵێکی گرنگیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دا هەبووە

04-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی 45 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی رایدەگەیێنێت، خوشک و برایانی فەیلی رۆڵێکی گرنگیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دا هەبووە و جینۆسایدکردنیان بەشێک بووە لە پلانی لەنێوبردنی گەلی کوردستان
 
ئەمڕۆ هەینی، 4-4-2025، یادی 45 ساڵەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلییە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق. 
 
جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق بە چەندین قۆناخ دەستی پێکردووە و لەسەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو رژێمی بەعس. گەورەترین قۆناخی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666ـی بەعس کوردانی فەیلی لە ماڵ و حاڵییان دەرکران و بێبەشکران و بڕیاردرا هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت.
 
بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی، بەشێك بوو لە پلانی داڕێژراوی رژێمی پێشووی عێراق بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستان."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە