مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی کوردانی فەیلی بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

45 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی لەلایەن رژێمی بەعسەوە تێدەپەڕێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و بەشێوەیەکی شایستە قەرەبوویان بکاتەوە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ یادی تاوانێکی هۆڤانە، بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندین قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لووتکەی دڕندەیی. 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەو جینۆسایدە بەهۆی ئەوەوە بووە ئەو کەسانە کورد بوون، "رژێمی پێشووی عێراق... سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد، دەستی بەسەر موڵکوماڵ و سامانەکانیاندا گرت و، ناسنامەی لێ سەندن."
 
لە 45 ساڵەی ئەو یادەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی جینۆسایدی کوردی فەیلی و جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە و، موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
 
جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق بە چەندین قۆناخ دەستی پێکردووە و لەسەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو رژێمی بەعس. گەورەترین قۆناخی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666ـی بەعس کوردانی فەیلی لە ماڵ و حاڵییان دەرکران و بێبەشکران و بڕیاردرا هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت.
 
بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا.