رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەشتوگوازری رواندز رایگەیاند، لە رۆژانی جەژن و دواتر گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 04-04-2025، پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، لە 30 ئادارەوە کە یەکەم رۆژی جەژن بوو، تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە، لانیکەم 66 هەزار و 300 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە.
پارێز یوسف گوتی، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی قەزاکە کردووە، بۆیە ژمارەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماستەرپلانێکی تۆکمە بۆ سێکتەری گەشتیاری دانراوە کە ''لە ساڵانی داهاتوودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سنوورەکە دەباتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووتر لە بواری گەشتیارییەوە.
پارێز یوسف، لەبارەی پاراستنی ژینگەوە لەکاتی هاتنی گەشتیاران گوتی: ''بەداخەوە کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە و ئاسان نییە، چونکە ناکرێت بۆ هەر گەشتیارێک پۆلیسێک دابنرێت یان لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان تابلۆ هەڵبواسرێت.''
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز جەختیشی لەوە کردەوە، بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی رێنماییان بکەن کە ژینگە بپارێزن و کاریگەرییان لەسەر ئەو گەشتیارانە هەبێت کە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
پارێز یوسف پێشنیاز دەکات بۆ پاراستنی زیاتری ناوچە گەشتیارییەکان، وەزارەتی پەروەردە پرسی ژینگە بکاتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکان، ''بۆ ئەوەی لانیکەم 15 ساڵی داهاتوو، بتوانین نەوەیەکی هۆشیارتر پێشکێشی ئەم کۆمەڵگەیە بکەین.''
هاوکات رێژین رەئووف، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان بە نزار جەزا پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەمڕۆ لە هەر خولەکێکدا تەنیا کە بازگەی دووکان، نزیکەی 40 بۆ 45 ئۆتۆمبێل دێنە نێو سنووری قەزاکە.''
بەگوتەی رێژین رەئووف، ''لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە زیاتر لە 43 هەزار ئۆتۆمبێل هاتوونەتە نێو سنووری قەزای دووکان کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی هاتنی گەشتیاران زۆر زیاترە.''
ئەم ساڵ نەورۆز هاوکات بوو لەگەڵ رەمەزان و ئەوەش کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبوو، بەڵام بەگوێرەی ئاماری بازگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، تەنیا لەماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا نزیکەی 200 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ