رێککەوتنی هەولێر و بەغدا؛ پارەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت

04-04-2024
ئارێز خالید
کارمەندێک لەکاتی دابەشکردنی مووچە، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کارمەندێک لەکاتی دابەشکردنی مووچە، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەغدا و هەولێر رێککەوتن هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا بنێردرێت و دابەشبکرێت. بۆ پشتبەستن بە 'هەژماری من' بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران، هەردوولا چاوەڕێی روونکردنەوەی دادگەی فیدراڵین.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار وەریگرتوون، لەوانەش ئەندامێکی ئەو شاندەی سەردانی بەغدایان کرد، مانگانە بەغدا پارەی تەواوی مووچە دەنێرێت و وەک مانگەکانی پێشوو نابێت، کە هەرێمی کوردستان ناچار بێت بە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە.
 
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کە مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینارە. بە گوێرەی زانیارییەکان، داهاتی نێوخۆ و نەوت و دەروازە سنوورییەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە و بۆ پرۆژەکان، دەرمان و نەسریەی وەزارەتەکان خەرج دەکرێن.
 
یەکێک لە گرفتەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بابەتی بەجێکردنی مووچەکانیانە، کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە بڕیاری لێدراوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان بەغدا و هەولێر تاوەکو ئەو کاتەیە، بابەتی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران یەکلایی دەبێتەوە. لەسەر بابەتی بەجێکردنی مووچەش تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، بەڵام جۆرێک لێکتێگەیشتن کراوە؛ هەردوولا چاوەڕێن دادگەی فیدراڵی روونکردنەوەیک بدات و پێدەچێت پرۆژەی 'هەژماری من'ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قبوڵ بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 03-04-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدرال و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵدەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت."
 
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران دەکات لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، هەر کاتێک پارەکە بگات، بەگوتەی سەرچاوەکان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ و لە رۆژانی جەژنیشدا مووچە دابەشدەکرێت.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقەوە دابین کرد، کە بەپێی بڕیاری حکومەت پارەکە دەبێت لە بودجەی 2024ـی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.
 
بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق کە لەسەر هەرێمی کوردستانە، عێراق دەیداتەوە و هەرکاتێک یاسای بودجە و بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکران، لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.
 
رۆژی 3-4-2024 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا هێنا و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان." 
 
ئەمساڵ حکومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی یەک و دووی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم 618 ملیار دینار و بۆ مووچەی مانگی شوباتیش 952 ملیار دیناری ناردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق لە حەوت مانگدا 6.5 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە

بەپێی راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024، عێراق زیاتر لە 73 تریلیۆن دینار خەرجی و 77 تریلیۆن داهاتی هەبووە. هەروەها 6 تریلیۆن و 570 ملیار دیناریشی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.