رووداو دیجیتاڵ
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ کۆنگرەی هەشتەمی خۆی لە پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێت، کە تەنیا رۆژێک دەخایەنێت، گوتەبێژی ئەو حیزبەش رایگەیاند، سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نوێ هەڵدەبژێردرێن.
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-4-2024) کۆنگرەی هەشتەمی حیزبەکە بکرێت، لە کۆنگرەدا سەرجەم ئەو کەسانەی بەپێی پەیڕەو دەتوانن بەشداربن، بەشداری دەکەن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە، فەرهاد تۆفیق گوتی "ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە بەپێی ئەوەی دەزگای ئامار و هەڵبژاردن دەستنیشانکراون، ئەوانەن کە پەیڕەو رێگەی بەشداریکردنیان پێدەدات، چ ئەوانەی پلە و پۆستیان هەیە یان ئەوانەی تێکۆشەری دێرین و کەسوکاری شەهیدن، بەشداری دەکەن."
بەپێی گوتەبێژی حیزبەکە کۆنگرەی هەشتەمی ئەو حیزبە یەک رۆژ دەخایەنێت، جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنێکی نوێی سەرکردایەتی، دەستکاری پەیڕەو و پرۆگرامیش دەکرێت، کە بە قسەی ئەو ئامادەکراون و تەواو بوون.
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات گوتی "کۆنگرە هەموو دەسەڵاتێکی بۆ گۆڕینی ناوی حیزب، لۆگۆ، پەیڕەو، پرۆگرام، هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەیە."
د. فەرهاد تۆفیق لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی حیزبەکەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود کە پۆستی جێگری سەرۆکی حیزبەکەی هەیە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسندکراوە و، ناتوانێت بەشداری کۆنگرە بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەپێی نووسراوێک کە رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئەم مانگە دەرچووە بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵای حاجی مەحموود بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، پەسندکردووە.
رۆژی 5ـی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە کرا، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ـی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای هەولێری پارتی سۆسیالیست، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من، هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هەڵوەشانەوەی پۆستەکەی ئەو "لەنێو پەیڕەوی پارتەکەیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزب نییە و بڕیارەکە پەیڕەوی نییە."
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی 1976 بەناوی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان دامەزراوە، لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا خۆی وەکو حیزبێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسێنێت، حیزبەکە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ