رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکیاندا باس لە سزادانی مامۆستایان دەکەن لە رێگەی پەروەردەکانی سنوورەکە.
دەشڵێن، "بەزۆرەملێ ژمارەیەک لە مامۆستایانیان بۆ قوتابخانەی سنووری دیکە گواستووەتەوە و بەشێکیان بەدەر لە بنەما یاساییەکان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزا دراون."
ئەمشەو، 4ـی نیسانی 2024، روونکردنەوەیەک بەناوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی بڵاوکرایەوە و رەخنەی تووند لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرن و تێیدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندا بن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبییانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا."
لە بەشێکی روونکردنەوەدا داوایان لە بەرپرسانی پەروەردە کردووە تەواوی فەرمانەکانی سزادان هەڵبوەشێننەوە؛ "دەبێ لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟".
ئاماژە بەوەش دەکەن، "پێشتر لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش هەوڵماندا سزاکانی سەر مامۆستایان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام جگە لە بەڵێنی زارەکی هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ هەڵنەوەشاوەتەوە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە."
لەپاڵ ئەمەشدا "گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان، بەردەوامە."
باس لەوەش دەکەن لە هەردوو پەروەردەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سلێمانی، زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزادراون. لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە.
داواش دەکەن، تەواوی سزاکانی سەر مامۆستایان و فەرمانبەران تا رۆژی 25ـی نیسان هەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەکرێن دووبارە گوشار دروست بکەنەوە و دەیانەوێت لەم ماوە کەمەی ماوە، پرۆسەی خوێندن بێ گرفت تێپەڕێت و دەشڵێن: "دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان بە ساڵی داهاتوو ناسپێرین و پێویستە لەم ساڵەدا نیگەرانیەکانیان بڕەوێندرێنەوە."
پێشتر عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "سزادانی مامۆستایان تەنیا بە دەنگۆ بە ئێمە گەیشتووە و هیچ مامۆستایەک نەهاتووە بڵێت لەبەر بایکۆت سزا دراوە".
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، ئەگەر مامۆستایەک بەوان بڵێت سزا دراوە، هاوکاری دەکەن و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا گفتوگۆ دەکەن و داکۆکی لێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ