عەبدوڵڵای حاجی مەحموود بۆ رووداو: لە گوڵەخانە شەڕە و کوڕەکەم بریندارە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە گوڵەخانە هێزێکی پارتی سۆسیال دیموکرات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و کوڕەکەی بریندارە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزێکی پارتی سۆسیال هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی گوڵەخانە و ئێستا (کاژێر 20:20) شەڕە و کوڕەکەی بریندارە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی: "بە ئاڕپیجی لە ماڵەکەم دراوە و کوڕەکەم بریندارکراوە."
فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە رووداوی گوت: "ئەمشەو لەنێوان هێزەکانی مححەمەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵای حاجی مەحموود روویداوە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، کوڕەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموودیش بریندارە."
ئەوە لەکاتێکدایە، بەیانیی رۆژی چوارشەممە 3ـی نیسانی 2024، لە گوندی گوڵەخانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو.
هەر دوێنێ، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود رایگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر ماڵی کوڕەکەم." سەرچاوەیەکیش لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "کەسانی نزیکی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، چەکداریان بردووە و لەنێو خانووەکەوە تەقەیان کردووە."
چوارشەممە 03-04-2024 عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەک لەمەوبەر ماڵی کوڕەکەم لەلایەن چەند چەکدارێکی سەر بە پارتەکەوە داگیر کرابوو، بەڵام دواتر دۆخەکە ئاسایی بووەوە. بەیانیی ئەمڕۆش کوڕەکەم چووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام دوای چەند خولەکێک هێرش کراوەتە سەری و ئەویش بەرگریی لە خۆی کردووە."
.