رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی کۆی وەزارەتەکانی ناردووە بۆ هاوتاکەی لە بەغدا و داوای نزیکەی 950 ملیار دینار کراوە، ئەمڕۆ حکومەتی ناوەندی تەنیا 130 ملیار دیناری ناردووە، وا بڕیارە دوای تەواوکردنی وردبینی بڕە پارەی پێویست بۆ تەواوی فەرمانبەروان دابینبکرێت.
ئەندامێکی ئەو شاندەی کۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە، دەڵێت ئەوەی بەغدا کردوویەتی هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی چارەسەر، بەڵام دڵنایی یەکجاری ئەو کاتەیە مانگی نیسان و دواتریش مووچە بەردەوام بدرێت.
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گوشارمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەو چینانەی کە مووچەکانیان نەنێردراوە بۆ ئەوەی بنێردرێت. لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەمە جێگیر بکرێت بۆ مانگەکانی داهاتوو، واتە بتواندرێت لە مانگی چوار بەدواوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوتا بێت لە رووی کاتی دابەشکردنەوە لەگەڵ موچەخۆرانی عێراق بۆ ئەوەی چیتر ئەو گرفتە لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت ئەمەش دوای ئەوەی کە لێکتێگەیشتنێکی زۆرباش هەیە و بڕیاری دادگەی فیدراڵیش هەیە."
حکومەتی فیدراڵ داوای کردووە هاوئاهانگی بەردەوام لە نێوان هەردوولادا هەبێت بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆران، بە تایبەت تا ئەو کاتەی هەردوولا رێکدەکەون لەسەر میکانیزمی ناردنی مووچە، جا چ راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لێکتێگەیشتن دروست بووە لەبارەی بەبانکیکردنی هەژمارەکانی فەرمانبەرانی هەرێم هەروەها هاوکاری دروست دەبێت لەسەر خەرجکردن گوژمە داواکراوەکان، بەمەش بە پلەی یەک کێشەی هەرێم چارەسەر دەبێت هەتا ئەگەر پرۆسەی بەبانکیکردنیش دوابکەوێت."
هەرچەندە رێککەوتنی بەرایی لەسەر کۆدی بایۆمەتریی هێزە ئەمنییەکان کرابوو، بەڵام بەغدا هاوشێوەی مانگی شوبات بە شێوەی گوژمەی جیاجیا پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
رووداو زانیویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە رادەگەیێنێت کە بەغدا مووچەکەیانی ناردووە.
بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی کۆتایی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە کە ئاخۆ کردنەوەی بانکە ئەهلیەکان رێگە پێدراوە بۆ ئەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟ یاخود تەنیا لەرێگەی بانکە حکومیەکانەوە دەبێت، بۆ ئەمە هەردوولا چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی دادگەی باڵای فیدراڵین، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات و ئەم ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە و کۆتایی بەم مشتومڕە بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ