خۆپێشاندان و یەکدەنگی 'دیموکراسیی فەزا'ـیان هێنایە خوارەوە؛ وردەکاریی رووداوەکانی وان

04-04-2024
محەممەد عزەدین
A+ A-
 
دوایین رۆژی مانگی ئادار دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. دەم پارتی 10 شارەوانی بەدەستهێنا. سەرۆکایەتیی شارەوانی وان، یەکێکە لەو شارەوانییانە. عەبدوڵڵا زێدانی بەربژێری دەم پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا توانی 55.48٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت. عەبدولئەحەد ئارڤاسی بەربژێری ئاکپارتیش، بە بەدەستهێنانی 27.14٪ دەنگەکان لە پلەی دووەمدایە.
 
دوای نزیکەی 50 کاژێر لە ئاشکرابوونی دەنگەکان، کاتێک عەبدوڵڵا زێدان دەچێتە نووسینگەی وانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بۆ ئەوەی بڕیاری دەستبەکاربوونی وەربگرێت، پێی دەڵێن "ناتوانیت ببیتە سەرۆکی شارەوانی، چونکە ئێوارەی رۆژی هەینی 29-03-2024 رێک پێنج خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی کۆتا رۆژی هەفتە، دادگە بڕیاری دەرچوونی دووبارە قەدەخەی کاری سیاسی بۆ سەر عەبدوڵڵا زێدان داوە." هەر ئەوەندە نا، بەڵکو کۆمیسیۆن بڕیاری دەستبەکاربوونی دایە بەربژێرەکەی ئاکپارتی.
 
دۆخی یاسایی عەبدوڵڵا زێدان
 
عەبدوڵا زێدان لە هەڵبژاردنەکانی حەوتی حوزەیران و هەڵبژاردنی دووبارەکراوەی یەکی یازدەی ساڵی 2015 لەسەر لیستی هەدەپە وەک پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ بەشداری هەڵبژاردنی کرد و توانی سەربکەوێت و ببێتە پەرلەمانتار.
 
لە سەرەتای ساڵی 2016، ماددەیەکی یاسایی لە تورکیا زیاد کرا، تایبەت بوو بە پێداچوونەوە بە فایلی رابردووی پەرلەمانتاران. لەو پێداچوونەوەیەدا، چەند تۆمەتێک درایە پاڵ زێدان، ئەمە بووە هۆی ئەوەی پارێزبەندی لە زێدان و چەند پەرلەمانتارێکی هەدەپە بسەندرێتەوە و هەموویان دەستگیربکرێن. دواتر زێدان خرایە زیندانی ئەدەنە لە رۆژئاوای تورکیا.
 
پاش ماوەیەک، دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستنی قەدەخەکراو" سزای هەشت ساڵ و سێ مانگ و پازدە رۆژ زیندانیکردنی بۆ زێدان دەرکرد. بەو شێوەیە عەبدوڵڵا زێدان تاوەکو شەشی مانگی یەکی ساڵی 2022 لە بەندیخانەی ئەدرنە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا بوو.
 
پاشان دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری زیندانیکردنی عەبدوڵڵا زێدانی هەڵوەشاندەوە و سزاکەی بۆ سێ ساڵ کەمکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی زیندانیکردنەکەی، لە شەشەمین رۆژی مانگی یەکی ساڵی 2023 بڕیاری بێتاوانبوونی دەرکرد. ئەمە بەپێی سیستمی دادوەریی تورکیا، بە مانای پێدانەوەی مافی پەیڕەوکردنی کاری سیاسی بە کەسی زیندانکراو دەگەیێنێت.
 
عەبدوڵڵا زێدان بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگە، ئیدی توانای ئەوەی هەبوو کاری سیاسی بکات. بۆیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە خۆی بەربژێر کرد و هەموو رێکارە یاساییەکانی تەواو کرد و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیشەوە پەسندکرا.
 
عەبدوڵڵا زێدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بە فەرمی ناوی وەک بەربژێری دەم پارتی بۆ شاری وان تۆمار کرا و هیچ لایەنێکی فەرمی سکاڵایەکی لەسەر ئەو نەبوو. تا 5 خولەک پێش تەواوبوونی دەوامی رۆژی هەینیی رابردوو، واتا تەنیا دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردن. رێکەوتی 29-03-2024 وەزارەتی داد بە نووسراوێک بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە گەڕاندنەوەی مافی کاری سیاسی بۆ زێدان دەربڕی. دادگەش هەمان رۆژ داخوازینامەی هەڵگرتنی قەدەغەیی کاری سیاسی، کە پێشتر لە لایەن زێدانەوە هەڵگیرابوو، هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ قەدەخەی کاری سیاسی بەسەر عەبدوڵڵا زێداندا سەپاند.
 
پارێزەرانی عەبدوڵڵا زێدان دەڵێن، "ئەم بڕیارە نوێیەی دادگە بەرلەوەی دۆخی کۆتایی وەربگرێت و بوار بە زێدان بدا تانەی لێبدات، رەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کرا و کۆمیسیۆنیش (دەستبەکاربوونی) پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی وانی رادەستی عەبدولئەحەد ئارڤاسی بەربژێری ئاکپارتی کرد. لە کاتێکدا تەنیا 27.15٪ی دەنگەکانی وانی بە دەستهێناوە."
 
رووداوەکانی دوای بڕیارەکەی دادگە
 
دوای ئەوەی نووسینگەی وانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا فەرمانی دەستبەکاربوونی بە بەربژێرە دووەمەکەی ئاکپارتی دا، عەبدوڵڵا زێدان بەڵێنی وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆی و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانی بە خەڵکی وان دا و هاوشانی لایەنگرانی پارتەکەی هاتنە سەر شەقامەکان.
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بووە هۆی ئەوەی لە ئیستەنبووڵ و ئامەد و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، لایەنگرانی دەم پارتی بچنە سەر شەقامەکان و پشتگیریی خۆیان بۆ بەربژێری پارتەکەیان دووبارە بکەنەوە.
 
گرژییەکان روویان لە زیادبوون دەکرد، بە تایبەتی لە وانی باکووری کوردستان، بۆیە والیی وان شەوی دوو لەسەر سێ، بەپەلە چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە (قەدەخەی هەموو جۆرە خۆپێشاندان و کۆبوونەوەیەک و هەموو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و قەدەخەی هاتووچۆ و رێگە نەدان بە دەرچوون و هاتنە ناوشاری وان بۆ ماوەی 15 رۆژ).
 
لە یەکەم رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە، سیاسەتمەداران و لایەنگرانی دەم پارتی، گوێیان بە بڕیارەکانی والیی شارەکەیان نەدا و بە هەزارانیان رژانە سەر شەقامەکان. لە لایەکی دیکەش هاوسەرۆکانی دەم پارتی و لەیلا زانا و باشاک دەمیرتاش و جەنگیز چاندار و سڕی ساکک و چەندان پەرلەمانتاری جەهەپە و سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا بۆ پاڵپشتی لە عەبدوڵڵا زێدان گەیشتنە وان.
 
باوەشەکەی لەیلا زانا و باشاک دەمیرتاش
 
لەیلا زانا لەگەڵ گەیشتنی بۆ شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی دەم پارتی لە وان، یەکە بە یەکەی ئامادەبووانی ماچ کرد و باوەشێکی گەرم و درێژیشی بە باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەڵاحەدین دەمیرتاشدا کرد. دەمیرتاش دوێنێ لە نامەیەکیدا لە رێگەی خێزانەکەیەوە رووی دەمی لە ئەردۆغان کردبوو و گوتبووی "رێز لە بۆچوونی دەنگدەرانی شاری وان بگرن."
 
کاژێر 12:30 شەوی هەڵبژاردنی 31-03-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئاخافتنەکەیدا گوتی، "رێز لە بۆچوون و دەنگی گەلەکەمان دەگرین." بۆیە بەشێکی زۆر لە سیاسەتڤانانی پارتە جیاوازەکان رووی دەمیان لە ئەردۆغان کرد و پێیان گوت، "ئەوەی لە وان روودەدات، دژی یاسا و دیموکراسییە."
 
لەیلا زانا لە پێش هەزاران لە لایەنگرانی دەم پارتی لە وان سەبارەت بە دەربڕینی ناڕەزایی بە هۆی پێنەدانی فەرمانی دەستبەکاربوون بە عەبدوڵڵا زێدان، گوتی "ئەمڕۆ رۆژی غیرەتە خوشک و براینە. رووی دەمیشم لە سەرۆککۆمار دەکەم و دەڵێم: بۆچی کاتێک بەربژێرەکانی ئەو هەڵدەبژێردرێن دیموکراسی هەیە، بەڵام کاتێک بەربژێرانی کورد سەردەکەون، دیموکراسی چووەتە فەزا."
 
باندۆری ناڕەزایی شەقام
 
بەرواری 03-04-2024 دەم پارتی کۆبوونەوەی مانگانەی پارتەکەی لە وان کرد. سیاسەتڤانانی کورد هەموویان خۆیان گەیاندە ئەوێ. دوای کۆبوونەوەکە هاتنە دەرەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان بەست. لەسەر شەقامەکانی وانیش، زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بۆ رێگریکردن لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە خۆپێشاندان بەردەوام بوون.
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و عەبدوڵڵا زێدان پێداگیرییان لەوە کردەوە، "لەپێناو چەسپاندنی دیموکراسی، لەو مافەی خۆمان خۆشنابین. بۆ ئەمەش بە زووترەین کات داوا دەکەین فەرمانی دەستبەکار بوون بدرێتەوە بە بەربژێرەکەی دەم پارتی."
 
هەمان رۆژ و لەژێر کاریگەری شەقام و یەکدەنگیی دەم پارتی و ناڕەزایی پارتەکانی دیکەی تورکیا و هەڵای میدیایی و زیادبوونی خۆپێشاندانەکان و پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و باندۆری پارێزەران، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز بووەوە و فەرمانی دەستبەکاربوونی دایەوە دەست عەبدوڵڵا زێدان. ئیدی لایەنگرانی دەم پارتی، بە خۆپێشاندان دیموکراسییەکەی فەزایان هێنایە خوار.
 
لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، ئەمجارەیان لە بری خۆپێشاندان و ناڕەزایی، لە تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی وان، بووە ئاهەنگ و لایەنگرانی دەم پارتی گۆڤەندیان بەست. بە هۆی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس، بەشێک لە کۆڵان و کوچەکانی وان پیس ببوون. دوای پێدانی فەرمانی دەست بەکاربوون بە عەبدوڵڵا زێدان، لایەنگرانی دەم پارتی دەستیان بە خاوێنکردنەوەی شەقامەکان کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە