جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: 200 پڕۆژە راگیراون و پێویستیان بە 256 ملیار دینارە

04-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە، 200 پڕۆژە لە پارێزگاکە راگیراون کە زیاتر لە شەش هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن، دەشڵێت بۆ تەواوکردنیان، ئەو پرۆژانە پێویستییان بە زیاتر لە 250 ملیار دینارە.
 
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 200 پڕۆژە کە زۆرینەیان پڕۆژەی خزمەتگوزارین، لە سەرجەم سێکتەرەکاندا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی "پڕۆژەکان چاوەڕێی دەستپێکردنەوە دەکەن و پاساوی نەبوونی بودجە و نەختینە نەماوە، ئێستا کە مووچە بەرەو چارەسەر دەڕوات و کێشەی تەواوکردنی مووچە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ نامێنێت، مانگانە داهاتی ناوخۆ نزیکەی 300 سەد ملیار دیناریش بێت، لەو بڕە پێویستە بڕێکی بۆ پڕۆژەکان دابنرێت."
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پڕۆژە وەستاوەکان لە هەڵەبجە لە هەموو سێکتەرەکانن، لە قوتابخانەوە بۆ باڵەخانەی فەرمانگەکان و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە کە هەموویان بۆ پارێزگاکە پێویستن."
 
بە گوتەی کاوە عەلی ئەو 200 پڕۆژەیەی لە هەڵەبجە راگیراون، بۆ تەواوکردنیان 256 ملیار دینار پێویستە.
 
 پڕۆژە راگیراوەکان:
 
-43 پڕۆژەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان
-54 پڕۆژەی بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکان
-56 پڕۆژەی بودجەی وەبەرھێنان
-13 پڕۆژەی بودجەی ئاسایی و داهات
-24 پڕۆژەکانی (وەبەرھێنان و پەرەپێدان و نەوت) بەبێ گرێبەست
-10 پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی پەرەپێدان 2023
 
کاوە عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە هەلی کاری زۆر بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە دەڕەخسێنێت و دەڵێت "ئەگەر بە تێکڕا بۆ هەر پڕۆژەیەک 30 کرێکار و شۆفێر و ئەندازیار و خەڵکی دیکە بکەونە سەر کار، ئەوا نزیکەی شەش هەزار هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ دەڕەخسێنن، سەرەڕای رەخساندنی هەزاران دەرفەتی دیکە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، ئەو شەش هەزار هەلی کارە بژێوی بەلایەنی کەمەوە بۆ شەش هەزار خانەوادە دابین دەکات."
 
بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق و شەڕی داعشەوە لە دوای ساڵی 2014، بەشی هەرە زۆری پڕۆژەکان راوەستان، دواتر لە بەشێکیان دەستکرایەوە بە کار، بەڵام هێشتا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست نانێردرێت، بۆیە بەشێکی پڕۆژەکان هەر راگیراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە