هەرێمی کوردستان 'تاوانبار'ێک رادەستی بەغدا دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، "تاوانبارێکیان" لەلایەن هەرێمی کوردستان رادەستکراوەتەوە، کە نزیکەی 700 ملیۆن دینار زیانی بە سامانی گشتی گەیاندووە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، ئەحمەد کازم جاسم جومەیلییان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گشتی لە هەرێمی کوردستان وەرگرتەوە دوای ئەوەی لە تورکیاوە سەردانی هەولێری کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە ئەو کەسە پێشووتر ئەمینداری گەنجینەی کۆمپانیای گشتیی خۆراک بووە، لەلایەن دادگەی کەرخی بەغداوە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەتۆمەتی ئەوەی بە بڕی 668 ملیۆن دینار زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە.
 
هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە ئەو کەسە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکراوە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارە هاوئاهەنگی لەنێوان دەستەکە و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەبووە و دەستگیرکراوەکە پێشووتر بە "ئامادەنەبوو" دادگایی کراوە و بە حەوت ساڵ بەندکردن سزادراوە.