لە مانگی شوباتدا زیاتر لە 1500 رزگارکراوی کوردی ئێزدی قەرەبوو کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە راپۆرتێکی هاوبەشدا چەند رێکخراوێکی مرۆیی رایانگەیاند هەزار و 535 رزگارکراوی کوردی ئێزدی، پارەی قەرەبوویان بۆ خەرجکراوە کە 847 کەسیان کچ یان ژنن.
رۆژی چوارشەممە، 03-04-2024، هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (JR4C) پێنجەمین راپۆرتی لەسەر یاسای رزگاربووانی ئێزدی (YLS) بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە مانگی شوبات پارەی قەرەبووی بۆ هەزار و 535 رزگارکراوی کوردی ئێزدیی دەستی داعش خەرجکردووە، کۆی گشتیی ئەوانەی قەرەبوو کراونەتەوە تائێستا هەزار و 651 کەسن."
هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە لە 33 رێکخراوی ناحکومی پێکدێت، کە داوای قەرەبووکردنەوەی گشتگیر بۆ قوربانیانی سیڤیلی تاوانکارییەکانی سەردەمی شەڕی داعش لە عێراق دەکەن.
راپۆرتەکە دەڵێت "لەو ژمارەی قەرەبوو کراونەتەوە، هەزار و 172 کەسیان لە عێراق و 479 کەسیشیان لە دەرەوەی عێراق دەژین. 847 کەس لەوانە ژن و کچن، کە 817 کوردی ئێزدی، 13 تورکمان، 10 کوردی شەبەک و 7 کریستیانن."
رێکخراوە مرۆییەکە لە ئامارێکی دیکەدا بڵاویکردووەتەوە، "784 رزگاربووی ئێزدی لەکاتی رفاندنیان منداڵ بوون، کە 436 کوڕ و 348 کچن، هەروەها لەنێو ئەو ژمارەیە 20 رزگاربووی گۆڕی بەکۆمەڵ هەن."
قەرەبووەکان چین؟
یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی کۆمەڵێک سوود لەشێوەی قەرەبوو لەخۆدەگرێت، کە دەبەخشرێنە هەر کەسێک وەک رزگاربوو قبووڵکرابێت. قەرەبووەکانیش بریتین لە:
- بڕە پارەیەکی قەرەبووی مانگانە.
- خزمەتگوزارییەکانی راهێنانەوە.
- گەڕانەوە بۆ سەر خوێندن.
- لەپێشتریێتی رزگاربوو بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتی.
- یەکەیەکی نیشتەجێبوون یان پارچەیەک زەوی.
نوێکارییە گرنگەکانی هاوپەیمانێتییەکە
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات؛ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ گەڕان بەدوای قوربانییەکانی دەستی داعش کە تائێستا بێسەروشوێنن و سۆراخیان نییە.
بەگوێرەی JR4C، "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان رایگەیاندووە؛ لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەوانەی رفێندران و تائێستا بێسەروشوێنن."
بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەکە لەسەر وێبسایتی خۆی فۆرمێکی ئەلیکترۆنی داناوە، بۆ ئەوانەی کە شتێک لەسەر رفێندراوەکان دەزانن تاوەکو فۆرمەکە پڕبکەنەوە و لیژنەکە بتوانێت بەدوای بێسەروشوێنەکاندا بگەڕێت.
راپۆرتەکە دەڵێت لە 02-03-2024، سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان سەرپەرشتیی گەڕاندنەوەی رزگاربوویەکی ئێزدی کرد لە کامپی هۆل لە سووریا، ئەمەش بە هاوئاهەنگیی و چاودێریی سەرۆکی لیژنەی گەڕان بەدوای رفێندراوەکان لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان لەگەڵ بەرپرس و دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان لەهاوئاهەنگیدایە بۆ دۆزینەوە و هێنانەوەی ئەو رزگاربووانەی لە سووریان و لە 2014ـەوە رفێندراون. لە پەیامێکیشدا داوا لە هەرکەسێک دەکات کە هەر زانیارییەکیان لەسەر بێسەروشوێنبووەکان هەیە، لە رێگەی نامەی فەیسبووک پەڕەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداربکەنەوە.
هاوپەیمانیی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە (JR4C) دەڵێت، "لە شوباتی 2014ـەوە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە پاڵپشتیی تەندروستیی دەروونییان بۆ 86 رزگاربووی دەستی داعش دەستەبەر کردووە."
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسی رفاند. بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 575 کوردی ئێزدی رزگار کراون.
هاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە پشت بە یاساکانی عێراق و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ دەبەستێت بۆ پشتگیریی لە داواکارییەکانی رزگاربووان، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەیان و هاندانی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان لە دابینکردنی قەرەبووەکاندا.