30ـی مانگ یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەدەچێت

04-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر رۆژی 30ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگە لەباری کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو لە هەولێر لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانەوە. پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆ رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت بەزووترین کات بڕیاری لەبارەی کەیسەکەوە بدرێت، چونکە هەموو شتێک روونە و کوشتنە و بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 4-4-2023، پارێزەر برزۆ سەعید، پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆسییەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر رۆژی 30ـی نیسانی بە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی دادگە تایبەت بە کەیسی کوشتنی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و هێشتا دیار نییە لەو دانیشتنەدا بڕیار دەدرێت یان نا."
 
ئەو پارێزەرە گوتیشی: "ئێمە وەکو پارێزەری کەیسەکە و بنەماڵەی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆ پێمانوایە بڕیارەکە زۆر دواکەوت و دەبوو پێشتر ئەو وادەیە دابنرابا و دۆسیەکە تەواو ببووایە، چونکە هەموو کارەکە و بەڵگەکان و کۆی رووداوەکە زۆر ئاشکرایە و بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە کوشتن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چاوەڕوانین بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە زۆری پێنەچێت."
 
رۆژی سێشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندارکرد، دوای ئەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
 
هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان عوسمانە" و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیران یەکەم رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیان کوشتی.
 
رۆژی چوارشەممە 29-6-2022، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئاراس مەهدی، ئەو خوێندکارەی دەستی بردووە بۆ تیرۆری دوو مامۆستای زانکۆ، یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتیش بە نووسراوێک یاداشتەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەددین کردووە و سەرۆکایەتیش ئاراستەی راگری کۆلێژی یاسای کردووە، دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا لە 4.3.2021 رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارەکە لە زانکۆی سەلاحەددین دەوام بکات." 
 
د. قاسم مەهدی، برای تۆمەتبارەکە  لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی رووداوەکە گوتی: "سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکە لەگەڵ مامۆستا نیشتمان بووە، لەگەڵ راگری کۆلێژ داوامانکرد بە رێگەی یاسایی چارەسەربکرێت، بەڵام د. نیشتمان ئامادە نەبوو دابنیشێت و کێشەکە چارەسەر بکات، ئێمەش هەمیشە لەگەڵ راگری کۆلێژەکە یان جێگرەکەی قسەمان دەکرد." 
 
د. قاسم مەهدی دەڵێت: "پێشتر زانیمان کێشەکە زۆر گەورەیە، هەوڵی چارەسەرمان دا، بەڵام د. نیشتمان نەیویست کێشەکە بە یاسایی و عەشایەری چارەسەر بکرێت، ئەمەش بۆ خوێندکارێک کە 85ی هێناوە و سێ ساڵی خایاندووە، بووەتە گرێی دەروونی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.