رووداو دیجیتاڵ
کاژێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر کەمدەکرێنەوە. لێپرسراوی لیژنەی موەلیدەکان دەڵێت، "ئەو کەمکردنەوەیە کاتییە، چونکە کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و نامانەوێت بەهۆی زیادبوونی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە پارەیەکی زۆر لەسەر هاونیشتمانییان بکەوێت."
دوای ئەو بڕیارە، لە کاژێر 9:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ لە هەولێر کارەبا نابێت، دوای ئەوە هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، ئەوە موەلیدەکان کاردەکەن.
قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێت، کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە "کاتییە"، تاوەکو ئەو کاتەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکەن و پێشبینی دەکەن "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەمشێوەیە بێت."
1ـی ئەم مانگە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی نەوت لە گەرمیان و خۆرمەڵە، بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی 330 مێگاوات كارەبا كەمیكردووە."
هەر لە راگەیێندراوەکە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەكەی دادگەی پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كرد، ئێستا لە وێستگەی كارەبا لە گەرمیان كە بە گازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت، 80 مێگاوات کارەبا كەمیكردووە و لە وێستگەی خورمەڵەش لە هەولێر، بە بڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بەمەش 330 مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی كەمی كردووە."
وەزارەتی کارەبا گوتیشی، وەزارەتەکەیان لە هەوڵدایە بە پشتبەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی گازی سلێمانی و هەولێر، قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە.
رۆژی 23-03-2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، بڕیاری دەرکرد. بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات.
دوای ئەو بڕیارە تاوەکو ئەمڕۆش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە. ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری چوونە بەغدا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ