تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا هاواریان لێهەستاوە؛ 'نەخۆش هەیە توانای کڕینی نانی نییە'

 
رووداو - سلێمانی

شەهلا هەفتەی چەند رۆژێک لەگەڵ کچەکەی دەچێتە نەخۆشخانەی هیوا بۆ وەرگرتنی دەرمانی شێرپەنجە بۆ خۆی و هاوژینەکەی، دوای ماوەیەک چاوەڕوانی پێیان دەدرێت، بەڵام هەواڵی بایکۆتی کۆمپانیاکانی دەرمان، نیگەرانی کردوون.
 
شەهلا عومەر، تووشبووی شێرپەنجە دەڵێت، "داواکارم ئەوەی گوێی لە دەنگمە هاوکاریمان بکەن، بەتایبەت هی نەخۆشخانەی هیوا، چونکە بەخوا نەخۆشی وا هەیە توانای نان کڕینێکی نییە؛ یەکێکیان خۆم، گەر بمرین توانامان نییە لە دەرەوە دەرمان بکڕین."
 
گێلاس محەممەد، کەسوکاری تووشبووی شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەکات، "مێردەکەم لێرە نەخۆشە، گەر لە نەخۆشخانە دەرمان نەمێنێت دەبێت یەک دەرزیی بە سەرووی دوو ملیۆن دینار بۆ بکڕین؛ گەر لێرە نەبێت، خەڵک دەبێت بڕوات سواڵ بکات بۆ کڕینی دەرمان."
 
سۆران یەکێکە لەو دەیان تووشبووەی شێرپەنجە کە لە گەرمیانەوە دەچنە نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەر، نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکە ناچار بە کڕینی دەرمانی لە دەرەوە کردووە، ئەو بە هیوای دەستکەوتنی دەرمانەکەی چووەتە بەردەم نەخۆشخانەی کەلار، بەڵام لەوێش پێیان گوتووە، ئەوەی چارەی نەخۆشییەکەتە لەوێ نەماوە.
 
سۆران عەبدولڕەحمان، تووشبووی شێرپەنجە دەڵێت، "کاکە ئێمە ناتوانین پارەی کڕینی دەرمان دابین بکەین، چونکە نەخۆشین. لە هیچ جێگەیەک نییە بچین دەرمانی لێبێت؛ نرخی دەرمانەکەم گرانە و بایی 600 دۆلارە."
 
بەشێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان لەبەردەم نەخۆشخانەی هیوا گردبوونەوە و رایانگەیاند، گەر حکومەت پارەیان پێنەدات چیدیکە ناتوانن دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەن. ئەوان دەشڵێن، هەر کۆمپانیایەک سەروو یەک ملیار دینار و زیاتری لە بانکە و ناتوانن وەریبگرن، چونکە نەختینە نییە.
 
ژیوار عەبدولڕەحمان، نوێنەری کۆمپانیاکانی دەرمان رایگەیاند، "تاوەکو بتوانین دەرمان دابین دەکەین بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام ئێمەیش توانامان سنووردارە و ناتوانین. دەڵێن کاتی واژۆ کردنی گرێبەستەکەت دەبێت دواتر دەرمان دابین بکەیت؛ کردوومانە کەچی شایستەی داراییمان نادەنێ."
 
تەنیا نەخۆشخانەی هیوا ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولە لە بانکەکان، تەندروستیی سلێمانی سەروو 10 ملیار دینار قەرزداری کۆمپانیاکانە.