دوو فیرقەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوون؛ جگە لە کورد، مەسیحی و عەرەب و ئێزدیشیان تێدایە

04-04-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: رووداو
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی وەزارەتی پێشمەرگە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوو فیرقەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو. دروستکردنی فیرقەکان لە چوارچێوەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. جگە لە کورد؛ مەسیحی، عەرەب و ئێزدیش ئەفسەر و پێشمەرگەن لەو دوو فیرقەیەدا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، "پرۆسەی رێکخستنەوەی پێشمەرگە یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشێکی هەرە گرنگیشە لە پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکان و دڵخۆشین کە ئەو ناکۆکییانە نەبوونەتە مایەی وەستانی پرۆسەی رێکخستن و یەکگرتنەوەی پێشمەرگە."
 
هەر فیرقەیەک لە چوار لیوا، هەر لیوایەک لە دوو هەزار پێشمەرگە و بارەگای فیرقەکەش لە 1200 پێشمەرگە پێکدێن، شەش لیوای هاوبەش و دوو لیواش لە یەکەکانی 80 و 70 هێندراون، بەڵام کاروباری کارگێڕی و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە ماوە.
 
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70 دەڵێت، "هێزەکانمان ئامادە کردووە بیانخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ هەموو ئەو کێشمەکێشمە سیاسیەی کە هەیە قیادەکان کۆنابنەوە و ناکۆکیی نێوان دوو لایەنەکە بە گشتی، بەڵام پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نەوەستاوە."
 
پێشمەرگە و ئەفسەرانی کۆکراوە لە فیرقەکاندا، مەشق و راهێنانی سەربازییان پێ کراوە. فیرقەکان کاری رۆتین لەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکان کەم دەکەنەوە، زووتر لە جاران دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەربازی و کارگێڕییەکان دەگات.
 
هۆگر سەڵاحەدین، فەرماندەی فیرقەی یەکی پیادە ئاماژە بەوە دەکات، "پێداویستییەکانی ئەو پێشمەرگانەی لە سەنگەرسازیدان، هەموو مافەکانیان بەگشتی لە پێداویستیی رۆژانەیان لە خواردن و خواردنەوە و ئەوەی چۆن بتوانن بە شێوەێکی پڕۆفیشناڵانە و سەربازی هاوکارییان بکەین [دابین دەکرێن]، فیرقەکان دەبنە مایەی کارئاسانی ئەو بابەتانە لەمەودوا."
 
وەزارەتی پێشمەرگە 22 لیوای هەیە، بڕیاریشە دوو لیوای دیکە بۆ پاراستنی ناوچە جێناکۆکەکان بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق دروست بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە