خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی 'گرنگ لە بەرژەوەندیی' خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا دەردەکات
1- دامەزراندنى سێنتەرى راوێژکارى خوێندکاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سێنتەرە بریتیە لە پشتیوانی کردن و رێنوێنی کردنى خوێندکاران/ قوتابیان لەڕووی رێنوێنی یاسایی و دەروونی و پەروەردەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، ئەم سێنتەرە راوێژکارییە تەنها تایبەت دەبێت بە کاروبارى قوتابیان و خوێندکاران و کەسێک بە پلەى بەڕێوەبەر بەڕێوەى دەبات.
2- یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بە رێژەى (100%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023 - 2024) وەرگیران.
3- کەسوکارى پلە (1)ى شەهیدان و ئەنفالکراونى هەرێمى کوردستان لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023 - 2024)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، هەروەها لەکاتى دەرچون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو پێ دەدرێت و ناچنە کێبڕکێى پلانى مۆڵەتى خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
4- نابینایان بە رێژەى (100%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023 - 2024)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.
5- تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا، لەلایەن زانکۆکان ئەنجام دەدرێت کە پێویستە رەچاوى بنەماکانى دادپەروەری و شەفافیەت و یەکسانی بکرێت و دوور لە هەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک پرۆسەکە چاودێری و جێبەجێ بکرێت.
6- فەرمانبەرانى دامەزراوى حکومى ئەگەر هاتوو تاوەکو رێکەوتى (01-09-2023) دوو ساڵ بەسەر خزمەتى کردەکى لە راژە پاش وەرگرتنى دوایین بروانامەى پەسەندکراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواکارى پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر یان دکتۆرا.
7- ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە کە پرۆسەى خوێندنى باڵا/دکتۆرا و ماستەر و دیبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ساڵانە بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن.
8- ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی کارتی زیرەک (سمارت کارت) بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلکترۆنی کردن و ئاسان جێبەجێکردنی کاروبارە دارایی و کارگێرییەکانی قوتابیان و خوێندکاران.