مەسرور بارزانی لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا: دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە بکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین." هەروەها سوپاسی هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیی کردووە بۆ رۆڵی گرنگ و پشتیوانیکردنیان.
 
لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ سێشەممە 04-04-2023 لە بەغدا واژۆ کرا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنەکە "دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی هاوکاریی بەهێز و بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدا."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم رێککەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو وڵات دەکات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەردوولامان هاوڕاین کە ئێستا چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەروەها دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکان لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گاز دەست پێبکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دەڵێت، "کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم دواییانەی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بە کۆی وڵات گەیاندووە؛ بەڵام ئەم رێککەوتنە، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زۆر پێویست دەستەبەر بکات. هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگەڵ عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک که لە چوارچێوەی دەستووردا، رێز له مافەکانمان بگیرێت."
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئەمڕۆوە، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین." هاوکات سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات بۆ "رۆڵی گرنگی و پشتیوانیی بەردەوامی،" سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی.
 
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ  سەرۆک وەزیرانی فیدرال بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی واژۆکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی هاوکاریی بەهێز و بەردەوام لە نێوان هەولێر و بەغدا.
 
لە کۆبوونەوەکەماندا لە بەغدا، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتیەکەی و ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە نوێبوونەوەی هاوکاری لە نێوانماندا. ئەم رێککەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو وڵات دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەردوولامان هاوڕاین کە ئێستا چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەروەها دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکان لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گاز دەست پێبکەن.
 
کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم دواییانەی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بە کۆی وڵات گەیاندووە. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زۆر پێویست دەستەبەر  بکات. هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگه ڵ عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک که لە چوارچێوەی دەستووردا، ڕێز له مافەکانمان بگیرێت. بێگومان ڕۆڵی دیار و گرنگی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هێزێکی تایبەت بەم ڕێککەوتنە دەبەخشێت.
 
لە ئەمڕۆوە، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین. هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ڕایگەیاند، ئێستا دەبێت جەختمان  لەسەر فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بێت بە شێوەیەک ، کە سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەبێت.
 
سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم بۆ ڕۆڵی گرنگی و پشتیوانی بەردەوامی، هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی. سوپاسی شاندی تەکنیکی هەردوولاش دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، كە بە شێوەیەکی زۆر چڕ کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەیەنن و هیوادارم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2023/4/4