یەکەم گۆرانیی تایبەت بە نەورۆز کەی گوتراوە؟

 
رووداو – سلێمانی

کۆنترین گۆرانی کە بۆ نەورۆز گوتراوە، گۆرانیی "ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە"یە، کە ساڵی 1948 بووە و بۆ یەکەم جار حەمە ساڵح دیلان لە گەڕەکی مەڵکەندیی سلێمانی گوتوویەتی. جگە لەو گۆرانییەش، ژمارەیەک سروود و گۆرانیی دیکە بەسەر جەژنی نەورۆزدا گوتراون.
 
ئاواز و میوزیکی گۆرانییەکان بوونەتە سیمبولی تایبەتی نەتەوەیی و ژمارەیەک هونەرمەندیش گۆرانییەکانی نەورۆزیان نوێ کردووەتەوە، تاوەکو بۆ هەمیشە بیپارێزن.
 
لە دەڤەری بادینان ژمارەیەک گۆرانیی تایبەت بە نەورۆز گوتراون؛ گۆرانییەکی محەممەد تەها ئاکرەیی یەکێکە لە گۆرانییە ناسراوەکان، کە نەورۆزی دەڤەری بادینان، زیاتر لە دوو دەیەیە پێی ئاشنا بووە.
 
گۆرانییەکانی تایبەت بە نەورۆز، راستە بە زاراوە کوردییەکانن، بەڵام میوزیک و ئاوازی بەشێک لە گۆرانییەکان، سنوورە جوگرافییەکانیان تەواو تێپەڕاندووە و بوونەتە سیمبولی بۆنە نەتەوەییەکان و بەرگێکی کوردانەی تەواویان دووریوە بە بەری نەورۆزدا.