مامۆستایەکی زانکۆ: وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان هۆشداریی داوە

04-04-2023
پێشەوا بەختیار
دیمەنێکی دەریاچەی دەربەندیخان کە خاشاکێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە. وێنە: رووداو
دیمەنێکی دەریاچەی دەربەندیخان کە خاشاکێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

بەنداوی دەربەندیخان دوای هەفتەیەک لە بارانبارانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لێی دەبیندرێت سەرئاوکەوتنی ئەو پاشماوانەیە کە لافاو بۆ دەریاچەکەی هێناون.
 
هونەر عەلی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "وەکو روونە، ئاوی دەربەندیخان بەشێک لە پاشەڕۆی ئاوی سلێمانی و تانجەرۆی تێدەچێت، ئەمەیش وادەکات کە پیس ببێت و رێژەی مادە قورسەکانی زۆر بێت، ئەوەیش سەرچاوەی نەخۆشییە، وەزارەتی تەندروستییش هۆشداریی داوە لەوەی بەکارنەهێندرێت تاوەکو چارەسەر دەکرێت."
 
مێردمنداڵێکی دەربەندیخان، کەسوکارەکەی گومان دەکەن بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەکەوە تووشی هەستیاریی پێست بووبێت؛ جگە لەو هاوکار قادر تووشی هەمان نەخۆشی بووە و دەڵێت، "هەندێکجار ئەوەندە دەخورێت شوێنی ئەو هەستیارییەم، خوێنی لێدێنم، داوا دەکەین وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بۆ پێکبهێنێت و بزاندرێت ئەم نەخۆشییە چییە، لە کۆی 150 کەس 30 کەس هەمان هەستیارییان هەبوو کە بەشێکیان دەیانگوت خێزانەکانیشمان هەمان کێشەیان هەیە."
 
چەند ساڵێکە ئیدارەی دەربەندیخان و تەندروستیی شارەکە هۆشداری دەدەن بە خەڵک کە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان شیاوی بەکارهێنان نییە.
 
عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە دەڵێت، "رێژەی زۆری مادە قورس و زیانبەخشەکان وا دەکەن ئاوی دەربەندیخان خەڵک تووشی  شێرپەنجە بکات و هەستیاری دروست ببێت، کە ئەمە چارەسەرکردنی ئاسان نییە."
 
10 ساڵە کۆمپانیایەک سەرقاڵی دامەزراندنی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخانە، بەڵام چەند جارێک بە هۆکاری نەبوونی پارە راگیراوە، مانگی رابردوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پارەی فرۆشتنی زەوی پرۆژەکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە