فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات تەقەکردن لە بارەگاکانی حیزبەکەی لە سنووری سلێمانی بوەستێندرێت

04-04-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن تەقەکردن لە بارەگاکانی پارتی پارێزگاری سلێمانی ئاسایشی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەبارەت بە رووداوی تەقەکردن لە بارەگاکانیان، نوێنەرانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پارێزگار و دەزگای ئاسایشی سلێمانی کۆبوونەوە، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پارتی و سلێمانی دووانەیەکی لێكدانەبڕاون."
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی تەقەکردن لەبارەگاکانی پارتی لە سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و دەزگای گشتیی ئاسایش کۆبووینەوە؛ پێمانگوتن ئەو بابەتە بۆ ئێمە وەکو لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان جدییە. فراکسیۆنی پارتیش رایسپاردووین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەین". گوتیشی:"هیچ رووداوێک پارتی لە سلێمانی دوورناخاتەوە و پارتی و سلێمانی دووانەیەکی لێكدانەبڕاون."
 
پێشەوا هەورامانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە ئەوانمان گوت "دووبارە بوونەوەی ئەم بابەتە نیشانەی پرسیار لەسەر دامودەزگاکان دروستدەکات. ناکرێت زیاتر لە 70 جار تەقە لە بارەگاکانمان بکرێت؛ تەنیا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی 26 جار تەقەی لێکراوە. هەروەها تەقە لە لقەکان لە هەڵەبجە و رانیە و قەڵادزێ کراوە، خەڵک دەستگیرکراوە و دوای دوو سێ رۆژ ئازادکراون. ئەوان بەڵێنیان دا، بەڵام ئێمە کردارمان دەوێت. پارێزگاری سلێمانی گوتی، هەر لە ئەمڕۆوە لەسەر ئەو بابەتە زۆر جیدی دەبن" .
 
هەروەها گوتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی پرسی تەقەکردن لە بارەگاکانیان گوتی: "پارتی ئەم بابەتە بە جیدی وەردەگرێت و لەمەودا بە ئاسانی تێناپەڕێت، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بە بەرپرس دەزانین لە پاراستنی ژیانی کادیر و ئەندام و بارەگاکانمان. ئەو تەقەکردنانە کاری ترسنۆکانەیە و کاریگەری لەسەر ئازادی و ئاسایشی سلێمانی دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە