رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو دوو شوێنی دیکەی بازرگانی لە هەولێر داخراون، یەکێکیان بە کەرەستەی بەسەرچوو پاقلاوەی دروستکردووە، یەکێکیش گۆشتی بەستووی خاو کردووەتەوە و بە گۆشتی فرێش فرۆشتوویەتی. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، "زۆر کەس بە ئەنقەست بەدوای کاڵای بەسەرچوودا دەگەڕێن و دەیفرۆشنەوە."
بەگوێرەی ئاماری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە تاوەکو ئەمڕۆ، لیژنەکانیان سەردانی 2903 شوێنی بازرگانییان کردووە، 504 سەرپێچییان تۆمار کردووە، 41 شوێن بەهۆی سەرپێچییەکانەوە داخراون، 171 تۆن کاڵای بەسەرچوو و 5182 ڤەیپ دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها 10 کەیسیان لە دادگە کردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 04-03-2025 هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، رایگەیاند، لیژنەکانیان تەنیا شەوی رابردوو 75 سەردانیان کردووە بۆ شوێنە بازرگانییەکان، لەنێویاندا دوو شوێن داخراون، یەکێک لەو شوێنانە پاقلاوەی بە کەرەستەی ماوە بەسەرچوو دروست دەکرد، هەروەها لە شوێنێکدا گۆشتی بەستوو خاو دەکرایەوە و بە گۆشتی فرێش دەفرۆشرا.
لەبارەی هۆکاری بەسەرچوون و خراپبوونی کەرەستە خۆراکییەکان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتی، "خەڵکێک هەیە زۆر کەلوپەل و خۆراک دەکڕێت، پێی ساخ نابێتەوە و بەسەردەچێت، خەڵکانێکیش هەن بەدوای کەلوپەلی بەسەرچوودا دەگەڕێن و دەیانەوێت بیفرۆشنەوە، هەندێکجار بەهۆی خراپیی کۆگەکان و هەڵنەگرتن بە شێوەیەکی تەندروست، دەبێتە هۆی تێکچوونی خۆراک و کەلوپەل."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دوو جۆر گۆشتی ئاژەڵ دەفرۆشرێن، فرێش و بەستوو، بەڵام وەکو بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، خەڵکانێک گۆشتی بەستوو خاو دەکەنەوە و بە گۆشتی فرێش دەیفرۆشنەوە، لە کاتێکدا بەپێی رێنوێنی خۆراکی بەستوو نابێت خاو بکرێتەوە تاوەکو دەگاتە دەستی هاووڵاتی، چونکە تێکدەچێت، هەروەها نرخەکەشی هەرزانترە.
هۆگر عەلی باسی لەوە کرد، "چەندینجار داوامان کردووە هاووڵاتییان لە کڕینی گۆشتی بێ مۆر دووربکەونەوە، چونکە ئەگەر مۆری لەسەر بێت، دیارە گۆشتەکە فرێشە، بەڵام ئەگەر مۆری لەسەر نەبێت، نازانی کە گۆشتەکە فرێشە یاخود بەستووە."
ئەو بەرپرسە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە کڕینی کاڵای بێ لۆگۆ و لەیبل (پێکهاتەی کاڵا) دووربکەونەوە، چونکە "ئەگەر لۆگۆ و لەیبلی لەسەر نەبێت، نازانی لە چی دروست کراوە، بەڵام ئەگەر لەیبڵ و لۆگۆی لەسەر بوو، دیارە بە کوالێتی کۆنترۆڵ تێپەڕیوە و تەندروستە و دەزانیت کە ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون، چین و رێژەیان چەندە."
چاودێریی بازرگانی هەولێر دوو هێڵی گەرمی خستوونەتەکار، لەو رێگەیەوە سکاڵا و سەرپێچییەکان وەردەگرن، ژمارەکانیان بریتین لە ( 07508918488-07508918489). هۆگر عەلی هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی ئەو دوو ژمارەیە بەردەوام کراوەن، هەر کەسێک سەرپێچییەکی بینی، گومانی لە کاڵایەک هەبوو، کاڵای بەسەرچووی بینی، پەیوەندی بکات یان وێنە بنێرێت یان لۆکەیشن، دەستبەجێ بەدوایدا دەچن.
دوێنێ 03-03-2025 بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رەمەزاندا لیژنەکانمان شەو و رۆژ دەگەڕێن، داخستنمان کردووە بە دوایین بژارە، بەڵام بەهۆی سەرپێچییەوە ژمارەیەک فرۆشگە سزا دراون.
بە گوتەی بڵند ئەحمەد، ئەو شوێنانەی سزادراون لە سلێمانی لە دوو رۆژی مانگی رەمەزان 18 شوێن بووە، کە پسووڵەیان بۆ کراوە، هاوکات 20 فرۆشگە ئاگادار کراونەتەوە کە کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن.
لە دهۆک سزا نەبووە، میلەت زیکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکان بەردەوامن لە گەڕان، بەڵام کەس سزا نەدراوە، تەنیا لە ئاستی هۆشداریی ماونەتەوە."
قایمقامییەتی هەڵەبجەش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەڕان و پشکنینی لیژنەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە خواردن و خواردنەوانەی بازاڕ بەردەوامن لە گەڕان و کاسبکارانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە نرخ بەرز نەکەنەوە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ