پارتی سۆسیال دیموکرات: کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆمەکی مانگانە لە حکومەت وەردەگرن

23-02-2025
پێشەوا بەختیار
مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ناکۆکیی نێوان پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دوو هاوپەیمانە کۆنەکەی، جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە. محەممەدی حاجی مەحموود، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات بە وەرگرتنی کۆمەکی مانگانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
کۆمەڵی دادگەری، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 هاوپەیمانی سۆسیالیست بوو، بۆ ئەم خوولە بڕیاری داوە بەشداریی پەرلەمان و حکومەت نەکات، تۆمەتبار دەکرێت بە وەرگرتنی پارە لە وڵاتی ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "سەرلەبەری ئەو قسانە رەتدەکەینەوە، پێمان وایە کاکە حەمە بچێت سەرقاڵی حیزبەکەی خۆی بێت باشترە، نەوەک حزبی دیکە، و سکاڵا تۆمار دەکەین."
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەرچەندە لە کابینەی حەوت بەشدار بوو، بەڵام لە ساڵی 2018 کشایەوە. حیزبەکە دەڵێت، لەو کاتەوە هیچ پارەیەکیان لە حکومەت وەرنەگرتووە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێت، "ئەو قسانەی دەیکەن راست نییە، ئێمە لەو کاتەوەی ئۆپۆزیسیۆنین پارەمان وەرنەگرتووە، وەریشی بگرین مافی خۆمانە و نایشارینەوە. ئەو شتانەیش نازانین بۆ لەم کاتەدا دەیوروژێنن."
 
کۆمەڵ و یەکگرتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی تۆمەتەکان دەڵێن، رێگەی دادگە دەگرنەبەر، بەڵام پارتی سۆسیال دیموکرات کە خاوەنی یەک کورسیی پەرلەمانە، داوا دەکات لەبەردەم خەڵک سوێند بخۆن.
 
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە دەڵێین وەریانگرتووە و بەڵگەمان هەیە، پێویست بە دادگا ناکات، تەنیا با بێن سوێند بخۆن و بڵێن وەرمان نەگرتووە."
 
لە بەرامبەر ئەوەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت یەکگرتوو و کۆمەڵ پارە لە حکومەت وەردەگرن بۆ پاسەوانی بارەگاکانیان؛ ئەو دوو حزبە دەڵێن، پاسەوانەکان کارمەندی وەزارەتی ناوخۆن و پارەکەش بۆ ماڵ و منداڵیان خەرج دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە