رووداو رێکارەکانی تۆمارکردنى هاوپەیمانی و بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە

04-03-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆن رێکارەکانى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتى و لیستى بەربژێرانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان پەسند کرد، هەر هاوپەکانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکى دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتى و وەک پارتیش بەشدار بێت، دەبێت بەربژێر تەمەنی 25 ساڵى تەواو کردبێت و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت.  
 
4ـی ئادارى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەردوو رێکارى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتییەکان و لیستى بەربژێرانى پەسەند کرد بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
جومانە غەلاى ئاماژەى بەوەش دا کە بۆ هاوپەیمانیێتییەکان پێویستە هەریەکەیان پێنج ملیۆن دینار بدات وەک رسووماتى پێشکێشکردنى هاوپەیمانیێتییەکە و یەک ملیۆن دیناریش لە برى خزمەتگوزارییەکانى کۆمیسیۆن بدات، هەر هاوپەیمانیێتییەکیش کە پێشتر تۆمارکراوە و بیەوێت ناوەکەى بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.
 
سێشەممە 5ـی ئادار، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکاتەوە، کە تاوەکو 14ـی ئادار بەردەوام دەبێت.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى رێکارەکان، دوو پارتى سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانیێتى پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام نابێت پارتێکى بەشداربوو لە هاوپەیمانیێتییەکەش لە هەمان بازنەى هەڵبژاردن بە جیا و لەدەرەوەى هاوپەیمانیێتییەکە بەشدارى بکات.
 
3ـی ئادار، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمیى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 
بەگوێرەى رێکارەکان هەر حیزبێک بیەوێت لە هاوپەیمانیێتیەک بکێشتەوە، پێویستە بەر لە کۆتاییهاتنى قۆناخى پێشکێشکردنى تۆمارى بەربژێران بکشێتەوە، هاوکات لەگەڵ لیستى بەربژێرەکانى دەتوانێت ئەو هەنگاوە بنێت، بەڵام هەر هاوپەیمانیێتییەک لە دوو پارت پێکبێت و یەکێکیان بکشێتەوە، هاوپەیمانیێتییەکە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت. 
 
جومانە غەلاى رایگەیاند، ئەو کەسەى خۆى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان  بەربژێر دەکات، دەبێت رۆژى دەنگدان تەمەنى گەیشتبێتە 25 ساڵ و هەمان مەرجى دەنگدەرى تێدابێت (تۆمارى بایۆمەترى دەنگدەرانى کردبێت، هاونیشتیمانیی هەرێمى کوردستان و دانیشتووى ئەو ناوچەیە بێت، کە خۆى تێدا بەربژێر کردووە).
 
لە رێکارەکانى تایبەت بە بەربژێران دا هاتووە، "نابێت سزادراوبێت لەسەر تاوانى کوشتنى بەمەبەست، دزی و گەندەڵی، بەدڕەوشتی، بەشدار بوون لە تاوانى سەرکوتکەرانەى رژێمى پێشوو (بەعس) کە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدرابێت."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە