لە ورمێ ئاگر لە قوتابخانەیەک کەوتەوە و 18 قوتابی تووشی هەناسەتەنگی بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی کچان لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 18 قوتابی بەهۆی دووکەڵی ئاگرەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون و گوازرانەوە نەخۆشخانە.
 
رۆژی دووشەممە، 4ی ئاداری 2024، حوسێن سەرباز رەشید، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانیی شارەوانیی ورمێ رایگەیاند، ئاگرەکە کاژێر 08:00 بەیانی و کاتی دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانە بووە و بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک قوتابخانەکە هەیە، تیمەکانیان زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان ئاگرەکە کۆنترۆل بکەن.
 
لەبارەی رووداوەکەوە فەرزین رەزازادە، بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای ورمێش دەڵێت، تەنیا هۆڵێکی خوێندن سووتاوە، هەر زوو بە کاردانەوەی خێرای قوتابیان و مامۆستایان و گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵکرا.
 
بە گوتەی فەرزین رەزازادە، هیچ دۆخێکی سووتان لەنێو قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە تۆمار نەکراوە، بەڵام بەهۆی دووکەلی ئاگرەکەوە 18 قوتابی تووشی تەنگەنەفەسی بوون و دواتر گوازرانەوە نەخۆشخانەی تالقانیی ورمێ.
 
سەبارەت بە تەندروستیی قوتابییەکانیش، بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ گوتی: "قوتابییەکان  چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و تەندروستیی هەموویان باشە."