گرێکوێرەی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکووک؛ هێشتا لایەنەکان لە یەکەوە دوورن
رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، یەکێتی و پارتی دووەم کۆبوونەوەیان کرد. کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چڕی دانوستاندن لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگاکە دەکەن.
رووداو زانیویەتی لایەنەکانی کەرکووک کە لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، بۆچوونەکانیان لە یەک دوورە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاکە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، "کۆبوونەوەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، دیارە سەد لە سەد نەگەیشتوونەتە ئەنجام، هەوڵ بدرێت لە ماوەیەی یەک دوو هەفتەیە بتواندرێت ئەم ئەنجوومەنە کارابکرێت، کارەکانی بکەوێتە سەر سکەی خۆی."
ئەگەرچی لە ئاستی نێوخۆیی، یەکێتی و پارتی زیاتر لە یەک نزیکبوونەتەوە، بەڵام هەردوو لایەنەکە بە دوو پڕۆژەی جیاوازەوە دانوستاندن لەسەر پرسی ئیدارەی کەرکووک دەکەن. یەکێتی بە چڕی لە هەوڵدایە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان ناچار بە رێککەوتن بن.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "لەگەڵ پارتی ببینە یەک، هەردوولامان هەر کوردین و خەڵکی کەرکووکین، پێویست بەوە دەکات بیرکردنەوەمان لە یەکەوە نزیکبن، ئەوان و ئێمەش بۆچوونمان هەیە، تا ئەم خولەکەی بەیەکەوە قسە دەکەین، بۆچوونەکانمان لە یەکەوە نزیکە، هەوڵ دەدەین بەیەکەوە پارێزگاری لە بابەتی نەتەوەکەمان بکەین، هەموومان پڕۆژەمان پێشکێش کردووە، ئەو پڕۆژانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی بەغدا بۆ هیچ یەکێک لە لایەنەکان جێی دڵخۆشی نییە. رووداو زانیویەتی پڕۆژەی لایەنەکان دژ بەیەکە، عەرەب کە پێشتر لە بەشێکی داواکارییەکانیان پاشگەزببوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پێداگرییان لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار کردووە.
ئیسمائیل حەدیدی، سەرۆکی حیزبی هەدەف و ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی گوتی، "عەرەب ئەوەی هەیە پێداگرن لەسەر پۆستی پارێزگار، بەربژێریش راکان جبورییە، کۆبوونەوەکانی سبەی بەردەوام دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەت لە هەوڵی درێژەپێدانی ئەم دۆخەدایە تاوەکو پلانی خەرجکردنی بودجەی 2024یش تێدەپەڕێنێت، بەبێ چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگا.