رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری موختاری گوندێکی سەر بە رووها-ی باکووری کوردستان، لەلایەن کەسێکەوە بە گولـلە کوژرا و کوڕەکەیشی بە سەختی برینداربوو.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024 روویدا. کاتێک کەنعان ئۆکتای تەمەن 44 ساڵ، کە بەربژێرە بۆ موختاری گوندی ئاکپنار سەر بە شارۆچکەی بیرەجیک لە رووها، لەگەڵ مەحموود ئۆکتای کوڕەکەی تەمەن 19ی ساڵ کاریان لە باخی فستقدا دەکرد، کەسێکی نەناسراو بە دەمانچە تەقەی لێکردن.
لە رووداوی تەقەکردنەکەدا، کەنعان و مەحموود، بە سەختی برینداربوون، خەڵکی ناوچەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە، کەنعان و کوڕەکەی بە ئەمبووڵانس گەیێندرانە نەخۆشخانە. سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، کەنعان ئۆکتای گیانی لەدەستدا، کوڕەکەشی تەندروستیی ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕدا خەوێندراوە.
پۆلیسی شارۆچکەی بیرەجیک رایگەیاند، هەرچەندە هۆکاری تاوانەکە نەزاندراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە.
دەزگای ئوموت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی خاوەندارێتی چەک، رۆژی 02-08-2023 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی 2023دا 1938 تاوان بە چەکی کەسی کراوە، 200 کەس بە دەمانچە و 20 کەس بە تفەنگ کوژراون.
بەگوێرەی دەزگای ئوموت "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەیە. لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە، کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە."
دەزگاکە هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی چەک دەدات؛ بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ