هاوسەرۆکی دەم پارتی: لە چەولیگ یەک تابلۆ بە زازاکی نەماوە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند، لە پارێزگای چەولیگ یەک تابلۆ بە زازاکی نەماوە و هیچ شەقامێکیش بە ناوی خەباتکارانی کوردەوە نییە.
 
لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئێوارەی یەکشەممە 3-3-2024، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکە رەخنەی تووندی لە نەبوونی تابلۆ بە کوردیی زازاکی (کرمانجکی) گرت. 
 
باکرهان رەخنەی لە سەرۆکی شارەوانیی ئێستای چەولیگ گرت کە ئەندامی ئاکپارتییە و، گوتی "لەم شارەدا بە سەتان کەسی ناودارمان گیانیان لەدەستداوە. ناوی هیچ پێشەوایەکی کورد لە کۆڵان و شەقامەکان نەنراوە. جا کاتێک دێتە قسە، ئەفەندی دەڵێت؛ من زازام! کەسێک زازا بێت، پشتی خەڵکەکەی دەگرێت و لەم گۆڕەپانەدا دەبێت. ئەوەی لێرە نەبێت، نە زازایە و نە خزمەتی کوردیش دەکات."
 
باکرهان وەبیری هێنایەوە کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هاوپەیمانن و گوتی "ئەوان حیساب بۆ زمانەکەی ئێوە ناکەن و دەڵێن 'ئەی گەلی کورد، وەرن دەنگ بە ئێمە بدەن.' با مەهەپە کە سووکایەتی بە زمانی کوردی و شێخ سەعید دەکات، ببێتە هاوبەش لە شارەوانییەکەتان."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، رۆژی 31ـی ئادار، نەوەکانی شێخ رەزا و شێخ سەعیدی پیران، شارەوانی رادەستی کەسانێک ناکەن، کە سووکایەتی بە پێشەواکانیان و زمانەکەیان دەکەن. 
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکاندا کە 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی رێژەی 38.6٪ـی دەنگەکانی بردەوە و پۆستی سەرۆکی شارەوانیی بەدەستهێنا. هەروەها رێژەی دەنگەکانی هەدەپە 30.4٪ و، رێژەی دەنگەکانی مەهەپە 26.9٪ بوو.