رووداو دیجیتاڵ
بنکەی تەندروستیی فریاگوزاریی شەهید سەلاح لە گوندی کانی وەتمان، بەهۆی رۆچوون و لێکترازانی دیوارەکانی، خەریکە دەڕووخێت.
دکتۆر رەنجدەر لێپرسراوی بنکەکەیە و دەڵێت: بەهۆی مەترسیی رووخان، هەموو ژوورەکانمان چۆڵکردووە، تەنیا راڕەوێک بۆ بینینی نەخۆش بەکاردەهێنین.
دکتۆر رەنجدەر حاتەم باسی لەوەش کرد، "بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی گوتیان، دەبێت چۆڵ بکرێت، بەڵام شوێنێکی دیکە نەبوو بچینە ناوی ناچار لەم شوێنە رووخاوە ماوینەتەوە، هەموو ساتێک ئەگەری هەیە بڕووخێت."
جگە لە دانیشتووانی گوندی کانی وەتمان کە نزیکەی 160 ماڵن، زۆربەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆی رێگەکە، لەو بنکەیە چارەسەری سەرەتایی وەردەگرن.
تاریق قادر، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت، "وایلێهاتووە ناوێرین بچینە بنکەکە، هەر لەباداوەوە تاوەکو شێخ مەنسووریان لەسەر ئەو نەخۆشخانەیەن."
بنکە تەندروستییەکە دەکەوێتە سەر شاڕێگەی سلێمانی - هەولێر و ئیدارەی راپەڕین. ساڵی 2005 دروستکراوە و لە چوار ژوور پێکهاتووە.
ئامینە قادر، کارگوزارێکی بنکەکەیە و دەڵێت، "هیچ بەرپرسێک نایەت، بڵێت ئەرێ بۆچی ئاوایە، بۆچی وانییە؟ پشیلە و باڵندە دێنە ژوورەوە پیسایی لێ دەکەن، زێرابەکە بۆنی دێت."
جگە لە خراپی و کۆنی بیناکە، کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و نەبوونی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گرفتی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ چارەخوازان دروستکردووە.
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە ئەو بنکە تەندروستییە بڕووخێنرێت و لەهەمان شوێن بنکەیەکی دیکە لەسەر رووبەری 500 مەتر دووجا و بەبڕی 245 ملیۆن دینار دروستبکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی بەپاساوی "نا روونی" داواکارییەکەیان تاوەکو ئێستا بڕیاری لەسەر خەرجکردنی پارەکە نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ