ئینستیتوتی پەی: 14 پەرلەمانتار لە شەش مانگی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئینستیتوتی پەی رایگەیاند: "خول لە دوای خول رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دابەزیندایە و هیچ کام لە خولەکانیش بەپێی یاسا بەڕێوەنەچوون و لەکاتی خۆشیاندا هەڵبژاردنیان نەکردووە." دەشڵێت: "14 پەرلەمانتار لە شەش مانگی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە."
رۆژی شەممە 04-03-2023، ئینستیتوتی پەی کە پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستانی گرتووەتەوە ئەستۆ، راپۆرتی 11هەمینی لەبارەی کار و چالاکیی خولی گرێدانی پاییزە (لە 1ی ئەیلوولی 2022 تاوەکو 28ی شوباتی 2023) بڵاوکردەوە و دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی 31 ساڵە و پێنج خولی تێپەڕاندووە، بەڵام "ئەوەی جێگەی سەرنجە خول لە دوای خول رێژەی بەشداری دەنگدەرانی لە دابەزیندایە و هیچ کام لە خولەکانیش بەپێی یاسا بەڕێوەنەچوون و لەکاتی خۆیانیش هەڵبژاردنیان نەکردووە و لە بواری یاسادانانیش لە پاشەکشەدایە و چاودێری لاوازە."
ئینستیتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ماوەی نۆ ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)ی گرتووەتە ئەستۆ و تائێستا 11 راپۆرتی لەسەر پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە 09-10-2022 تەمەنی خۆی درێژکردەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2023. ئینستیتوتی پەی دەڵێت: "چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تێپەڕیووە و تائێستا هیچ یەکێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە؛ نە یاسای هەڵبژاردن هەموارکراوەتەوە، نە کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، نە تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوە و نە هیچکام لە رێکارەکانی هەڵبژاردن گیراونەتەبەر."
ئینستیتوتی پەی، سەرۆکی پەرلەمان بە بەشێک "لە سیناریۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان" نێودەبات و دەڵێت: "لە دانیشتنی کردنەوەی خولی بەهارەدا لە 01-03-2022 سەرۆکی پەرلەمان گوتەیەکی سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان پێشکێشکرد و رایگەیاند، 'سەرجەم هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی یاسای خۆیدا ئەنجامبدرێت'، بەڵام لەوبارەوە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکرد."
لەبارەی ژمارەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینستیتوتەکە دەڵێت: "لە 06-11-2018 تاوەکو 28-02-2023 واتا لە کۆی چوار ساڵ و سێ مانگ و 24 رۆژ تەنیا 114 دانیشتن کراوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەو دەبوایە بەلایەنیکەمەوە پەرلەمان 331 دانیشتنی بکردایە."
لەبارەی دۆخی یاسادانان، ئینستیتوتی پەی ئاماژەی بەوەکردوە، بەگشتی لە خولی پێنجەمدا و لە ماوەی چوار ساڵ خوێندنەوە بۆ 71 پێشنیاز و پڕۆژەیاسا کراوە و 47 یاساش پەسندکراون. بەگوتەی پەی، رێواز فایەق، "لە دانیشتنی کردنەوەی خولی گرێدانەکانی پێشووتردا کۆمەڵێک بەڵێنی دابوو کە کاریان لەسەر بکات، بەڵام بەڵێنەکانی جێنەجێنەکردووە و کاریان لەسەر نەکراوە."
ئینستیتوتی پەی "نازانێت" پەرلەمانتاران لەم خولەدا چەند پرسیاریان لە بەرپرسان کردووە و دەڵێت: "ئەوەی تەنیا لەبەردەستە وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن بەرپرسانەوە بووەتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لە 15 دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنیا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەبوون ئەوانەش لەکاتی پەسندکردنی یاساکاندا نەک بەمەبەستی بەدواداچوون و لێپرسینەوە."
بەشێک لەو خاڵانەی کە ئینستیتوتی پەی لە ئەنجامی راپۆرتەکەیان پێیگەیشتوون ئەمانەن:
یەکەم: لەم خولی گرێدانەدا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیووە وەکو پێویست بە ئەرکی یاسادانان هەستێت، تەنیا شەش یاسای پەسندکردووە، بەڵام تائێستاش پێنج لەوانە لە وەقایعی کوردستان بڵاونەکراونەتەوە.
دووەم: ژمارەیەک ئەندام زۆرترین ئامادە نەبوونیان هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لیژنەکاندا؛ ئەندام پەرلەمان هەیە لە تەواوی خولەکەدا دەوامی نەکردووە، بەڵام لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە نەهاتوو هەژمارنەکراوە.
سێیەم: حکومەت 10 ساڵە پڕۆژەی بودجە و 12 ساڵە ژمێرەی کۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
چوارەم: دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نییە و نەیتوانیووە رۆڵی مەرجەعی یاسای و سیاسیی هەرێمی کوردستان بگێڕێت.
پێنجەم: لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان تەنیا 15 دانیشتنی کردووە و 60 کاژێر و 11 خولەک کۆبووەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیرەو دەبوو بەلایەنیکەمەوە 51 دانیشتن بکات و 153 کاژێر کۆببێتەوە.
شەشەم: هاوشێوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەندامانی پەرلەمانیش چەندین جار پەیڕەویان پێشێلکردووە.
حەوتەم: لەم خولی گرێدانەدا 14 پەرلەمانتار ماوەی شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە و هیچ بەشدارییەکیان نەبووە.
هەشتەم: لەکاتی سەرنجدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە روونی دیارە بەشداریی چەندین ئەندام لە گفتوگۆکان تەنیا لە پێناوی قسەکردنە نەک هیچ زیادکراوەیەک بۆ قسەکان.
نۆیەم: ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکان کە 19 لیژنەن 80 کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەو پێویست بوو لەماوەی ئەم خولەدا بەلایەنیکەمەوە 234 کۆبوونەوەیان کردبا.
بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتەکەی ئینستیتوتی پەی لەبارەی کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان کلیک بکە