ئینستیتوتی پەی: 14 پەرلەمانتار لە شەش مانگی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە

04-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئینستیتوتی پەی رایگەیاند: "خول لە دوای خول رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دابەزیندایە و هیچ کام لە خولەکانیش بەپێی یاسا بەڕێوەنەچوون و لەکاتی خۆشیاندا هەڵبژاردنیان نەکردووە." دەشڵێت: "14 پەرلەمانتار لە شەش مانگی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە."
 
رۆژی شەممە 04-03-2023، ئینستیتوتی پەی کە پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستانی گرتووەتەوە ئەستۆ، راپۆرتی 11هەمینی لەبارەی کار و چالاکیی خولی گرێدانی پاییزە (لە 1ی ئەیلوولی 2022 تاوەکو 28ی شوباتی 2023) بڵاوکردەوە و دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی 31 ساڵە و پێنج خولی تێپەڕاندووە، بەڵام "ئەوەی جێگەی سەرنجە خول لە دوای خول رێژەی بەشداری دەنگدەرانی لە دابەزیندایە و هیچ کام لە خولەکانیش بەپێی یاسا بەڕێوەنەچوون و لەکاتی خۆیانیش هەڵبژاردنیان نەکردووە و لە بواری یاسادانانیش لە پاشەکشەدایە و چاودێری لاوازە."
 
ئینستیتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ماوەی نۆ ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)ی گرتووەتە ئەستۆ و تائێستا 11 راپۆرتی لەسەر پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە. 
 
پەرلەمانی کوردستان لە 09-10-2022 تەمەنی خۆی درێژکردەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2023. ئینستیتوتی پەی دەڵێت: "چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تێپەڕیووە و تائێستا هیچ یەکێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە؛ نە یاسای هەڵبژاردن هەموارکراوەتەوە، نە کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، نە تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوە و نە هیچکام لە رێکارەکانی هەڵبژاردن گیراونەتەبەر."
 
ئینستیتوتی پەی، سەرۆکی پەرلەمان بە بەشێک "لە سیناریۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان" نێودەبات و دەڵێت: "لە دانیشتنی کردنەوەی خولی بەهارەدا لە 01-03-2022 سەرۆکی پەرلەمان گوتەیەکی سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان پێشکێشکرد و رایگەیاند، 'سەرجەم هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی یاسای خۆیدا ئەنجامبدرێت'، بەڵام لەوبارەوە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکرد."
 
لەبارەی ژمارەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینستیتوتەکە دەڵێت: "لە 06-11-2018 تاوەکو 28-02-2023 واتا لە کۆی چوار ساڵ و سێ مانگ و 24 رۆژ تەنیا 114 دانیشتن کراوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەو دەبوایە بەلایەنیکەمەوە پەرلەمان 331 دانیشتنی بکردایە."
 
لەبارەی دۆخی یاسادانان، ئینستیتوتی پەی ئاماژەی بەوەکردوە، بەگشتی لە خولی پێنجەمدا و لە ماوەی چوار ساڵ خوێندنەوە بۆ 71 پێشنیاز و پڕۆژەیاسا کراوە و 47 یاساش پەسندکراون. بەگوتەی پەی، رێواز فایەق، "لە دانیشتنی کردنەوەی خولی گرێدانەکانی پێشووتردا کۆمەڵێک بەڵێنی دابوو کە کاریان لەسەر بکات، بەڵام بەڵێنەکانی جێنەجێنەکردووە و کاریان لەسەر نەکراوە." 
 
ئینستیتوتی پەی "نازانێت" پەرلەمانتاران لەم خولەدا چەند پرسیاریان لە بەرپرسان کردووە و دەڵێت: "ئەوەی تەنیا لەبەردەستە وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن بەرپرسانەوە بووەتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لە 15 دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنیا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەبوون ئەوانەش لەکاتی پەسندکردنی یاساکاندا نەک بەمەبەستی بەدواداچوون و لێپرسینەوە."
 
بەشێک لەو خاڵانەی کە ئینستیتوتی پەی لە ئەنجامی راپۆرتەکەیان پێیگەیشتوون ئەمانەن:  
 
یەکەم: لەم خولی گرێدانەدا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیووە وەکو پێویست بە ئەرکی یاسادانان هەستێت، تەنیا شەش یاسای پەسندکردووە، بەڵام تائێستاش پێنج لەوانە لە وەقایعی کوردستان بڵاونەکراونەتەوە. 
 
دووەم: ژمارەیەک ئەندام زۆرترین ئامادە نەبوونیان هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لیژنەکاندا؛ ئەندام پەرلەمان هەیە لە تەواوی خولەکەدا دەوامی نەکردووە، بەڵام لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە نەهاتوو هەژمارنەکراوە.
 
سێیەم: حکومەت 10 ساڵە پڕۆژەی بودجە و 12 ساڵە ژمێرەی کۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردووە. 
 
چوارەم: دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نییە و نەیتوانیووە رۆڵی مەرجەعی یاسای و سیاسیی هەرێمی کوردستان بگێڕێت. 
 
پێنجەم: لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان تەنیا 15 دانیشتنی کردووە و 60 کاژێر و 11 خولەک کۆبووەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیرەو دەبوو بەلایەنیکەمەوە 51 دانیشتن بکات و 153 کاژێر کۆببێتەوە. 
 
شەشەم: هاوشێوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەندامانی پەرلەمانیش چەندین جار پەیڕەویان پێشێلکردووە. 
 
حەوتەم: لەم خولی گرێدانەدا 14 پەرلەمانتار ماوەی شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە و هیچ بەشدارییەکیان نەبووە. 
 
هەشتەم: لەکاتی سەرنجدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە روونی دیارە بەشداریی چەندین ئەندام لە گفتوگۆکان تەنیا لە پێناوی قسەکردنە نەک هیچ زیادکراوەیەک بۆ قسەکان. 
 
نۆیەم: ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکان کە 19 لیژنەن 80 کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەو پێویست بوو لەماوەی ئەم خولەدا بەلایەنیکەمەوە 234 کۆبوونەوەیان کردبا.  
 
بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتەکەی ئینستیتوتی پەی لەبارەی کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان کلیک بکە 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.