رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایدەگەیێنێت: "بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک لەلایەن پەکەکەوە تیرۆرکراوە و پێش کوژرانی لەلایەن ئەو رێکخراوەوە هەڕەشە لە بەرەی تورکمانی کراوە." لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت: پێکهاتەکان دەیانەوێت یەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی پێکهاتەکان هەبێت و دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکرێت.
رۆژی 3-3-2023، بەرەى تورکمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە ئەحمەد تاهیر، بەرپرسی پێشووى فەرمانگەى پاسەوانى بەرەى تورکمانى، لە رێگەى لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە "تیرۆر کراوە." گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووکیش گوتی، "بڕی 450 بۆ 650 گرام تەقەمەنی لەو بۆمبەدا بەکارهاتووە کە بە ژێر ئۆتۆمبێلەکەوە لێکنراوە."
ئەمڕۆ شەممە 4-3-2023، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نورۆژ کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر رەشید پێشکێشی دەکەن، گوتی: "ئەم کردەوەیە لەلایەن رێکخراوێکی تیرۆرستییەوە ئەنجامدراوە، پێشتر لەلایەن پەکەکەوە هەڕەشە لەسەر بەرەی تورکمانی هەبوو لە کەرکووک، ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە تیرۆرکردنەکە کاری پەکەکە بووبێت."
ئایدن مەعرووف دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، ئەو کردەوە تیرۆرستییە بۆ مەبەستی سیاسی بووە؛ بۆ تێکدانی سەقامگیری شاری کەرکووک، کە بەرپرسی پێشووى فەرمانگەى پاسەوانى بەرەى تورکمانى کرایە ئامانج و شەهید کرا."
رۆژی 3-3-2023، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی بە رووداوی گوت، لەگەڵ یەکێتی لەبارەی زۆربەی پرسەکان "رێککەوتووین"، بەڵام تەنیا کورسی پێکهاتەکان ماوە، یەکێتی داوادەکات کورسی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەک دابەشبکرێن و پارتیش دەیەوێت یەک بازنەبێت.
ئایدن مەعرووف دەڵێت: داوای پێکهاتەکان ئەوەیە بە یەک بازنە بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، "دەمانەوێت دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکرێت و خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، تورکمانەکانی سنووری سلێمانی زیاتر لە کفری نیشتەجێن و شایستەی ئەوەن زیاتر لە کورسییەکییان بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام پێش ئەوەی لە پەرلەمان نوێنەریان بۆ دابین بکرێت، پێویستە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نوێنەریان هەبێت کە تاوەکو ئێستا نییانە."
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەشکرد: هەر گۆڕانکارییەک لە شێوازی دەنگدان و کورسی پێکهاتەکان بکرێت، پێویستە بە رێککەوتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکان بێت، ئەگەر وانەبێت ئەوە دەستوەردانە لە کاروباری پێکهاتەکان، نابێت لایەنی دیکە لەبری پێکهاتەکان بڕیاربدات.
ئایدن مەعروف ئاشکرای کرد کە لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەتەوە و یەکێتی گوتوویەتی، 'با کورسی پێکهاتەکان ببێتە 20 کورسی، بەڵام با نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن.' لەبارەی ئەوەی کە کورسی پێکهاتەکانیش کەوتووەتە خزمەتی پارتی دیکوکراتی کوردستان گوتی: نامانەوێت ببینە لایەنگر لە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام دەبێت هەڵوێستی ئێمە بە خزمەتکردن بە پارتی لێکنەدرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیمان هەیە و لە حکومەت بەشدارین، ناکرێت لە پەرلەمان ئۆپۆزیسیۆن بین و لە حکومەتیش بەشداربین.
وەک ئایدن مەعروف دەڵێت، "پارتی حیزبێکی نەتەوەییە و زیاتر پەیوەستە بە پرسی نەتەوەییەوە، باشی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و بەرەی تورکمانی خزمەت بە کوردستان دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ