کوردستان
لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییان گۆڕە بەکۆمەڵەکە هەڵدەدرێتەوە. وێنە: ئەیوب نەسری - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال هەڵدەدرێتەوە. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێت، بە قسەی شاهێدحاڵانی ناوچەکە، گۆڕەکە 29 تەرمی تێدایە.
رۆژی شەممە، 4ـی ئاداری 2023، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان لەلایەن فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقەوە هەڵدەدرێتەوە کە لە نێوان گوندی قەنی و رێگەی سەرەکیی شنگالدایە".
حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوەکرد، شاهێدحاڵانی ناوچەکە دەڵێن، 29 تەرمی تێدایە، بەڵام تاوەکو هەڵنەدرێتەوە دڵنیا نین لە ژمارەی قوربانییەکان.
تاوەکو ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال ئاشکراکراون، بەڵام بەشێکی کەمیان هەڵدراونەتەوە و تەرمی 162 قوربانی دەرهێندراون، کە 20ـیان لە رەگەزی مێ و 142ـەکەی دیکە لە رەگەزی نێر بوون.
کوردانی ئێزدی لە 3ـی ئابی ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە؛ بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی، ژمارەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی 6 هەزار و 417 کەس بوو؛ 3 هەزار و 358یان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسیان نێر بوون. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و ئەوانی دیکە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ