کوردێکی باکووری کوردستان هەوڵی کڕینی یانەی چێڵسی دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نیازی فرۆشتنی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی لەلایەن خاوەنەکەیەوە کە ملیاردێرێکی رووسییە، سەرۆک هۆزێکی گەورەی کوردانی باکووری کوردستان کە هاوکات سەرمایەدارێکی بەناوبانگی تورکیایە، هەوڵی کڕینی یانەکە دەدات. 
 
موحسین بایراک، سەرمایەداری بەناوبانگی تورکیا و سەرۆکی هۆزی موتکی کە یەکێکە لە گەورەترین هۆزەکانی کوردانی باکووری کوردستان لە پارێزگای بەدلیس، سوربوونی خۆی راگەیاند بۆ کڕینی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی و ئاشکرایکرد، پارێزەرەکانی ناردووە بۆ لەندەن و سەرقاڵی مامەڵەکردن و دانووستاندنن بۆ کڕینی یانەکە. 
 
یانەی چێڵسیی یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی پاڵەوانێتیی پریمەرلیگی ئینگلیزی و خاوەنەکەی رۆمان ئابرامۆڤیچ-ی ملیاردێری رووسییە کە هاوکات سەرۆکی یانەکەیە. بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و سزاکانی وڵاتانی جیهان بەسەر چالاکییە بازرگانیی و ئابوورییەکانی رووسیا، بڕیاریداوە یانەکە بفرۆشێت. 
 
سەرۆکی هۆزی موتکی روونیکردەوە، لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی نیازی فرۆشتنی یانەکە، پەیوەندیی بە ئابرامۆڤیچ کردووە و تیمی پارێزەرەکانی هەردووکیان گفتوگۆ دەکەن و قۆناخێکی باشیان بڕیووە و دانووستاندن دەکەن بۆ ئەوەی واژۆ بکەن لەسەر میکانیزمەکانی کڕین و فرۆشتنی یانەکە و دەشڵێت، "بەمنزیکانە ئاڵای تورکیا لە لەندەن دەشەکێتەوە". 
 
موحسین بایراک گوتیشی، "ئێمە دەستەوارەی خۆمان پێشکێش کردووە و دانووستاندنەکانیش بەردەوامە. ئەوان پێشنیازیان کردووە بەهۆی ئەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، پێیان باشە بڕێکی زۆری پارەکە لە بانکەکانی تورکیا بمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی دڵنیایی زۆرە و کێشەیان بۆ دروست نابێت".