ئەنجوومەنی ئاسایش گوتەی حوکمدراوانی بادینانی بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 'دانپێدانانی' حوکمدراوانی بادینانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بەپێی بەڵگە و دانپێدانانیان ئەوە سەلمێندرا کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە پەکەکە و چەندین لایەنی دیکە هەبووە". سێ ئەندامی ئەنجوومەنەکەش دەڵێن، "به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین."
 

رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگەی هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاز کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
 
رۆژی 18ـی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سزادانی پێنج راگیراوەکە لە هەولێر رایگەیاند، "چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگە و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە". 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زانیارییان لەسەر بارەگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە و دادوەرانی کوردستان کۆکردووەتەوە". ئاماژە بەوەش کراوە، "مەشق و راهێنانیان لەسەر چەکی سووک و چەکی بێدەنگ کردووە". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو پێنج رۆژنامەڤان و چالاکڤانە "هیچ گوشارێکی جەستەیی و دەروونییان بەرامبەر ئەنجام نەدراوە". گرووپەکەش لەڕێگەی مێسنجەرەوە "دانیان بەوەدا ناوە کاریان بۆ چەند لایەن و گرووپێکی دیکەش کردووە".
 
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە "لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەمان نییە دەستوەربدەینە کاروباری دادگاکان، ھەمیشە داوادەکەین دادگاکان سەربەخۆ بن، بەڵام ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگا گوێبیست بووین، بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، جیاوازی و دژیەکیی زۆر دەبینین، بۆیە داوادەکەین لە کاتی پێداچوونەوەدا دادگا رەچاوی پرەنسیپی دادپەروەری بکات، بەشێوەیەکی بێلایەنانە و دوور لە گوشاری سیاسییەکان بە کەیسەکەدا بچێتەوە، بڕیاری پێویستی لەبارەوە لێ بدرێت و ئازاد بکرێن".
 
لە ڤیدیۆکەدا وێنەی چەند دەستنووسێک پێشاندراوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، بەپێی ئەو دەستنووسانە "کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان پشتڕاستکراونەتەوە، شێروان ئەمین، یەکێک لە سزادراوان، زانیاریی لەسەر ناو و جووڵەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆکردووەتەوە و بۆ پەکەکەی رەوانە کردووە".

شێروان ئەمین لە دانپێدانانەکەیدا ناوی خۆی بە شێروان ئەمین نعو سلێمان گوتووە کە لەدایکبووی 1983یە. دەڵێت، رێکخراوێک [کە ناوی نەبردووە]، بڕی پێنج هەزار دۆلار هاوکارییان کردووە، "هەروەها پێیان گوتم، دەتوانین هاوکاریت بکەین بچیتە دەرەوەی وڵات".

ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی شێروان، لە پەیوەندییەکی دەنگیی نێوان سەلمان و گۆهدار، کە دوو سزادراوی دیکەن، "سەرکۆنەی شێروان ئەمین دەکرێت بەوەی خەمسارد بووە و ترسی ئەوەشیان هەبووە نهێنی و کارە تێکدەرەکانیان کەوتبێتە دەست ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

رۆژی 17ـی شوبات، 31 پەرلەمانتاری کوردستان لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ کوردستانیان کردبوو، داوای پێداچوونەوەیان بە دۆسیەی ئەو پێنج حوکمدراوەی بادینان کردبوو، رایانگەیاندبوو، "هه‌ڵه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ تۆمه‌تباركردنیان هەیە ‌و دواجار سته‌ملێكراوی‌ پرۆسه‌ی‌ دادوه‌رین".
 
یەکێکی دیکە لە سزادراوان بەناوی هاریوان باس لەوە دەکات، بەشداریی هیچ خۆپێشاندانێکی نەکردووە و دەشڵێت "من لە راگەیاندن کار ناکەم". هەر لە دانپێدانانەکەیدا هاریوان ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیی لەگەڵ کادیری پەکەکە بەناوی "هێلان چیا" هەبووە.

شڤان سەعید عومەر، یەکێکی دیکەیە لە سزادراوان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، "وێنەی جووڵەی هێزی پێشمەرگەی گرتووە و بۆ شێروان و تاکوری ناردووە.. ناوبراو لەبەردەم دادگە دانی بەم کارەدا ناوە". لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەدا دەڵێت، "هیچ گوشارێکم لێنەکراوە بۆ قسەکردن".

لەبارەی دانپێدانانی ئەیاز کەرەم، کە دەڵێت، "من 2012 شێروانم لە دهۆک ناسیوە" و ئەوانی دیکەیشی لە ساڵەکانی داهاتوودا ناسیون. ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژە بەوە دەکات، "ئەیاز کەرەم ماوەیەک چەکداری پەکەکە بووە و ناوی حەرەکیشی کاوە بووە، دواتر بە تەوجیهی پەکەکە گەڕاوەتەوە ناو شار و پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە تێکدەرەکەی شێروان هەبووە". 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی "دانپێدانانەکە"، لە روونکردنەوەیەکدا، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە پۆستەکانیان بریتییە لە: سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه دەڵێن، "‌به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین و.. هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌كیش به‌ بێ ئاگاداریی ئێمه‌ و بێ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، سیفه‌تی فه‌رمی بوون وه‌رناگرێت و نوێنه‌رایه‌تیی بڵاوكراوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ناكات".
 
به‌شدار حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی حوکمدراوانی بادینان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا "دانپێدانانەکەی" بە "دروستکراو" ناوبرد و گوتی "شێروان شێروانی و هاوڕێکانیان هەموویان بێتاوانن". 

 

 
رۆژی 19ـی شوباتی ئەمساڵ، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا رایانگەیاند، بە وردی چاودێریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدابووە. 

لە پەیامەکەی نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاتبوو، "کۆمەڵگە دیموکراتییەکان رێز لە ئازادیی رادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای راگەیاندکاران دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوه."

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەمان پرس لە پەیامێکدا رایگەیاند، "گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات و رێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت".
 
هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا داوای کردبوو، "رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".