بەشێک لە چێشتخانە و نانەواخانەکانی هەرێمی کوردستان: رێنمایی خۆپارێزیمان پێنەگەیشتووە
رووداو - هەولێر
نان و خواردەمەنییەکان لەو پێداویستییە سەرەکییانەن کە رۆژانە هاونیشتمانییان بەکاریان دەهێنن و دەیانکڕن. چەندە بەشێوەیەکی دروست بەرهەم بهێنرێن، تەندروستیی هاونیشتمانییان پارێزراوتر دەبێت. خاوەنی بەشێک لە چێشتخانە و نانەواخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رێنمایی خۆپارێزییان پێنەگەیشتووە.
کولێرەبەقیمە و نان لە خۆراکانەن خواستی زۆریان لەسەرە. لە بەرهەمهێنانیاندا دەست و هەناسەدان کە لەڕێگە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسن، نزیکترین مەودایان لەگەڵیاندا هەیە.
بەهزاد مەحموود، خاوەنی کولێرەخانەیە و دەڵێت، " هەرچەند تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی رێنمایی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای پێنەداوین، بەڵام ئێمە رێکارە تەندروستییەکانمان گرتووەتە بەر و بە شاگردەکانم گوتووە کە دەستکێش لە دەست و کڵاو لە سەر بکەن و دەمامک ببەست".
چێشتخانە و شیرینیخانەکان قەرەباڵخییەکی زۆریان پێوە دیارە. رووداو لێیپرسین کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ رێنماییەکی تایبەتتان لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێگەیشتووە یان نە.
ئیسماعیل حەمەدەمین، خاوەنی شیرینیخانەیە و باس لەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی نەهاتووە و رێی نەکەوتووەتە ئێرە. ئێمە خۆمان رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین".
سەکینە عومەر، سەرپەرشتیاری چێشتخانەیەکە و باس لەوە دەکات، "لەوەتەی ئەم ڤایرۆسە ناوی داکەوتووە، وەزارەتی تەندروستی نەهاتووەتە ئێرە".
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات کە گشتاندنی بۆ رێنماییەکانی پێشووتری بۆ سەرجەم ئەو شوێنانە کردووە.
محەممەد خۆشناو، گوتەبێژی و ەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئێمە دووبارە گشتاندنمان بۆ ئەو رێنماییانەی پێشوو کردەوە کە دەبێت گرنگی بە پاکوخاوێنی بدەن، ئەو کەلوپەل و پێداویستییە تایبەتانە بەکاربهێنن کە دەبنە مایەی خۆپارێزی لە گواستنەوەی هەر ڤایرۆس و بەکتریایەک".
هەرێمی کوردستان بەهۆی دراوسێیەتی لەگەڵ ئێران کە پلەی سێیەمی ژمارەی تووشبووانی کۆرنای هەیە لە جیهاندا، هەوڵی داوە رێوشوێنەکانی خۆپاراستن و پێشگیریکردن تووندتر بکات. تاوەکو ئێستا ژمارەی توشبووان لە عێراق 26 کەس و لە هەرێمی کوردستانیش شەش کەسن.