لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر و سلێمانی 102 شوێن دادەخەن

 
 
 
رووداو - هەولێر

بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان و بڕیارەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانییەوە لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، 60 شوێن لە هەولێر و 42یش لە سلێمانی داخراون کە لەنێویاندا رێستورانت، کافتریا، دەرمانخانە و دووکانی پێداویستیی پزیشکی هەن. 
 
 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی ریستۆرانت و کافتریاکانی ناوەندی شاری هەولێر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر و رێنماییە تەندروستییەکان، پۆلیسی شارەوانیی سەر بە قایمقامیەتی ناوەند و لیژنەی دەستەی گەشتوگوزار پشکنینیان بۆ بەشێک لە ریستۆرانت و کافتریاکانی ناوەندی شاری هەولێر کرد، بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە 26 ریستۆرانت و کافتریا سزای دارایی دران، دوای داخستنی شوێنەکانیش بەڵێننامە لە خاوەنەکانیان وەرگیراوە بۆ دووبارەنەکردنەوەی سەرپێچییەکان".
 
هەر لە هەولێر رێکاری یاسایی بەرامبەر دەیان دەرمانخانە و فرۆشگەی پێداویستیی پزیشکی گیراوەتەوەبەر. ئەنوەر كەمال، كارگێڕی لیژنەی پشكنین و چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە 34 دەرمانخانە و شوێنی فرۆشتنی پێداویستیی پزیشکی داخراون، سزای دارایی دراون و رێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر".  
 
لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاماری چالاکییەکانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەكە لە مانگی 2ی 2020 لیژنەكانیان زیاتر لە پێنج هەزار شوێنیان بەسەركردۆتەوە و 42 شوێنیشیان داخستووە.
 
بەپێی ئاماری مانگی دووی 2020ـی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی و بە مەبەستی پابەندكردنی شوێنەكان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە، سەردانی پێنج هەزار و 52 شوێنیان كردووە، 591 شوێن پسووڵەی سەرپێچییان بۆ كراوە و 561 شوێنیش ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن، ئەگەرنا لیژنەكان شوێنەكە و خاوەنەكەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكەنەوە.
 
هەر لە راگەیێنراوەکەی لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، "بەهۆی پابەندنەبونییان بە مەرج و رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەرییەوە 42 شوێنمان داخستووە و بەهۆی بەردەوامبوون لە سەرپێچی 12 شوێنی دیكە رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە".
 
لەبارەی لەنێوبردنی کاڵا و خۆراکی ماوەبەسەرچووشەوە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بڕی 54 تۆن و 485 كیلۆگرام کاڵا و خۆراكی ماوەبەسەرچوویان لەنێوبردووە و كۆی گشتیی پارەی غەرامەكراویش لەو مانگەدا بریتی بووە لە 25 ملیۆن و 925 هەزار دینار كە بەپێی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەکە دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.
 
 
لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر و سلێمانی رێکاری تووندیان بەرامبەر ئەو دەرمانخانە و شوێنانە گرتووەتەبەر کە هەوڵی قۆرخکردنی ئەو دەرمان و کاڵا پزیشکییانە دەدەن کە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێن و هاوکات چاودێریی چێشتخانە و کافتریاکان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە.