زیاتر لە 100 داعش لەلایەن پێشمەرگە كوژران

رووداو - هەولێر

لە میحوەری کەسکێ و ئەسکی موسڵ شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بەردەوامە و فەرماندی فەوجی یەکی سوپای یەکی زێرەڤانی هێزەکانی پێشمەرگەش دەڵێت " هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە 100 چەکداری داعشیان کوشتووە".

ماجید سندی، فەرماندی فەوجی یەکی سوپای یەکی زێرەڤانی هێزەکانی پێشمەرگە  بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند " هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە زیاتر لە 100 چەکداری داعش بکوژن و تەرمەکانیشیان کەوتوونەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە."




فەرماندەی فەوجی 1 ی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەروەها گوتی " داعش لە هێرشەکەدا ئامانجی ئەوەبوو سنوورەکانی کەسکێ و تەلەعفەر و بەنداوی موسڵ کۆنترۆڵ بکات، بەڵام لە هەموو سەنگەرەکان پێشمەرگە وەڵامی تووندی داعشیان دایەوە و هێرشەکەی داعش تێکشکێندرا، بەو هۆیەوە داعش زیانی گیانی  و ماددی هەبوو، بێجگە لەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان سووتێندران، هاوکات زیاتر لە 100 تەرمی چەکدارانی داعش ئێستا لەژێر دەستی پێشمەرگەدان".



ماجد سندی ئاماژەی بەوەش کرد"  فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هاوکاری پێشمەرگەیان کرد بۆ ئەوەی بتوانین هێرشە فراوان و لەناکاوەکەی داعش تێکبشکێنین، هەروەها پێشمەرگە توانی هەموو ئەو هەوڵانەی داعش پووچەڵ بکاتەوە و شکستیان پێبهێنێت".



زەعیم عەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی دیجلەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند: "زیاتر لە 400 چەکداری داعش بەشدارییان لە هەێرشەکەدا کردبوو".

پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "رێگە بە تۆڕی میدیایی رووداو نەدرا رووماڵی شەڕەکەی پیشمەرگە بکات لەو میحوەرە".