رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئێوارە باران دەبارێت؛ کەشناسێکیش دەڵێت، "بارانەکە مەترسیی وشکەساڵی کەم دەکاتەوە."
بەرێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی دووی 2025 رایگەیاند، "ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و ئاراستەی با گۆڕاوە."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "سبەی شەو شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان دەکات. کاریگەریی شەپۆلەکە نزمەپەستانی دەریای نێوەڕاستە و تەوژمەهەوای جەمسەری لەگەڵە کە دەبێتە هۆی بارینی بەفر و باران."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی سبەی رایگەیاند: "لە بەیانى تاوەکو دواى نیوەڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ دواى نیوەڕۆ ئاسمان نیمچەهەور و ئێوارە بۆ هەور دەگۆڕێت؛ شەپۆلێکى بارانبارین بۆ سەر ناوچەکەمان دەستپێدەکات. پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، "ئەم شەپۆلە کاریگەری لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک ناوچەى جیاجیا دەبێت و نمەباران دەبارێت. هاوکات لە ناوچە سنوورییەکاندا، لە درەنگى شەو بەفر دەبارێت."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی روونیکردەوە، "بارانبارینەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک رێژەی بارانەکە پێشبینی دەکرێت لە 35 تاوەکو 70 ملیم بێت؛ لە ئیدارەی گەرمیانیش رێژەی بارانبارین لە 15 تاوەکو 40 ملم دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان مەترسیی وشکەساڵی دەڕەوێنێتەوە. لە هەندێک ناوچەیش یەدەگی ئاوی ژێرزەوی زیاد دەکات."
کەشی پێشبینیکراوی سبەی چوارشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19پلەى سیلیزى
سلێمانی: 17پلەى سیلیزى
دهۆک: 18 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 20 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 7 پلەى سیلیزى
سۆران: 16 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 21 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ