رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر لیستی ناوی 200 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی دا، ئامادەکارییان بۆ رەوانەکردنی 150 هەزار ناوی دیکەش کردووە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025) سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەگەڵ بەشێکی فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوقاف و تەندروستی ماون ناویان رەوانە بکرێت، کە ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەسە. لە نزیکترین کاتدا وردبینی لە ناوەکان تەواو دەکەین و دەینێرینە ئەنجوومەنی وەزیران."
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کرد، ناوی ئەو 200 هەزار فەرمانبەرەی کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کران، گەڕایەوە و هەر لەم هەفتەیەدا لیستەکە رەوانەی 15 بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەن بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی.
سەربەست مەولوود گوتی "بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان شایستەبوون و ناشایستەبوونی ئەو ناوانە یەکلایی دەکەنەوە، کە بۆیان رەوانە دەکەین. ئەوەی لەسەر ئێمەیە؛ تەنیا ناردنی ناوەکانە."
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577 و لە گەرمیان دوو هەزار و 474؛ لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی نیشتەجێبوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ