لە دهۆک ئەمڕۆ پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دابەش دەکرێت

04-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەمڕۆوە پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە سنووری دهۆک دابەش دەکرێت، بەڵام لەبەر هۆکارێکی هونەری، پڕۆسەی دابەشکردن لە هەولێر و سلێمانی چەند رۆژێک دوادەکەوێت.
 
سێشەممە (4ـی شوباتی 2025) نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پارێزگای دهۆک رێکارەکانی دابەشکردنی پارەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان بۆ بانکەکان؛ لەلایەن لقی بانکی تی بی ئای تەواوکراوە، لەمڕۆوە کارمەندانی ئەو سنوورە دەتوانن بڕۆن و لە رێگەی 10 بانکی پارێزگاکەوە پاداشتەکانیان وەربگرن."
 
نەبەرد عومەر گوتیشی، "دابەشکردنی پاداشتەکە لە هەولێر و سلێمانی دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دواکەوتنیشی لەبەر هۆکارێکی هونەرییە و هیچ کێشەیەکی دیکە نییە."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 20-10-2024 کرا.
 
ژمارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان زیاتر لە 41 هەزار کەس بوو. هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان 100 هەزار دینار، کارمەندانی سەر ئامێرەکان 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن 250 هەزار دینار پاداشت وەردەگرن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە