رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، کۆنگرەی 17یەمی ئەو حیزبە کە یەکەم کۆنگرەی دوای یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دیموکراتە، بەڕێوەچووە و ئەندامانی رێبەری حیزبەکە هەڵبژێردراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کۆنگرەی 17یەمی حیزبەکە لە ژێر ناوی (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان) بەڕێوەچووە و تێیدا بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسندکراوە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبەش هەڵبژێردراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کۆنگرەیە جێبەجێکردنی یەکێک لە سەرەکیترین بەندەکانی رێککەوتنی نێوان دوو لایەنی پێشووی حیزبی دیموکرات بووە.
فوئاد خاکیبەیگی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە کۆنگرە، 23 کەسە کە 12یان لە سەر لیست حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و 11 کەسەکەی دیکەیان لە سەر لیستی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون و بە هەڵبژاردنی ئازاد ئەو کەسانە دەنگیان بە دەست هێناوە".
فواد خاکیبەیگی ئاماژەی بەوەشکرد، 10 کەس وەک جێگرانی ئەندامانی کۆمیتەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراون کە هەر لایەنێک 5 کەسن.
سەبارەت بە چۆنیەتی بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی حیزبی دیموکرات، فوئاد خاکیبەیگی رایگەیاند: "حیزبی دیموکرات لە هەموو شێوازەکانی خەبات کەڵک وەردەگرێ و ئەوەش بە پێی هەلومەرجەکە بڕیاری لە سەر دەدرێت".
دوای جیابوونەوە، هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەجیا کۆنگرەکانی 14 و15 و 16 یان بەست.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1945 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و قازی محەممەد وەک یەکەمین سکرتێری هەڵبژێردرا.
ئەو حیزبە لە كۆنگرەکانی 4، 8 و 13 رووبەڕووی دابەشبوون بووەوە و دواتر وەك یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی كەسەكان ریزەكانی یەكخستەوە.
رۆژی 21-08-2022 هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان یەکیان گرتەوە و وەک یەک حیزب بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ